کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ لەسەدی وزەی ئێران بەفێڕۆ دەچێت

11:45 - 30 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ٤٠ لەسەدی وزەی ئێران، بە هۆی ناشارەزایی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، لە جیاتی ئەوەی بە دەستی بەکارهێنەران بگات، بەفێڕۆ دەچێت.

موحسێن دڵاوێز، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی چاکترکردنی (بهینەسازی) بەرخۆریی سووتەمەنی، باسی لەوە کردووە، ٤٠ لەسەدی وزەی ئێران بەبێ ئەوەی بە دەستی بەکارهێنەران بگات، لە کیس دەچێت.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، بۆ ٨٠ میلیۆن حەشیمەتی ئێران، ٤٥ میلیارد دۆلار بۆ بەشی وزە تەرخان دەکرێت، لە حاڵێکدا چین بە ١/٥ میلیارد حەشیمەتەوە، ٣٨ میلیارد دۆلار بۆ ئەم بەشە تەرخان دەکات.

ئامارەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن ڕێکخراوی نێونەتەوەیییەوە پشتڕاست کراوەتەوە، ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا، زیاتر لە ٤٥ میلیارد دۆلار بۆ بەشی وزە تەرخان کردووە، کە بەرانبەرە لەگەڵ ١٨ لەسەدی ئەو تێچووەی کە هەموو وڵاتانی جیهان بۆ بەشی وزە تەرخانی دەکەن.

تێچووی بەشی وزە لە ئێراندا، ١٠ لەسەدی ئابووریی ئێران لە خۆ دەگرێت، کە سندووقی نێونەتەوەیی وزە لەم بارەوە باسی لەوە کردووە، کە بەرهەمهێنانی ناپەتیی نێوخۆییی ئێران بەپێی نرخی هەنووکەیی لە ساڵی ٢٠١٩دا بە ٣٣٣ میلیارد دۆلار دەگات، لە حاڵێکدا ئەم بڕە بوودجەیە لە ساڵی ڕابردوودا، ٤٣٠ میلیارد دۆلار بووە.

بەپێی ئاماری کۆمپانیای "بریتیش پترۆلیۆم"، "بانکی جیهانی" و "ئۆپێک" بەکارهێنانی وزە لە ئێراندا، لە ڕۆژدا ٥ هەتا ٥.٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوە، کە گاز پشکی ٧٠ لەسەدیی ئەم وزەیە لە خۆ دەگرێت و ٤٠ لەسەدیشی بەبێ ئەوەی کە بەدەستی بەکارهێنەران بگات، بەفێرۆ دەچێت.

بەرپرسانی ڕێژیم، ساڵانە بە میلیاردها دۆلار، لە ڕێگا جۆراجۆرەکاندا بەفێڕۆ دەدەن، کە هەموو بۆ ناشارەزایی ئەم بەرپرسانە لە بەڕێوەبردنی وڵات و کەمتەرخەمییان لە هەمبەر دۆخ و بژیوی خەڵکی ئێران دەگەڕێتەوە.