کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٥ لەسەدی کارگاکانی ئێران، داخراو یان نیوە داخراون

12:29 - 27 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ٧٥ لەسەدی کارگا بچووکە بەرهەمهێنەرەکان لە ئێراندا داخراو یان نیوەداخراون و بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریی ئێران، توانایی بەرهەمهێنانیان نەماوە.

بەرپرسی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی نیشتیمانی لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "بەرهەمهێنانی ئێران تووشی قەیرانێکی جیددی بووەتەوە و ٧٥ لەسەدی کارگا بەرهەمهێنەرەکان داخراون یان ئەوانەی کە کراوەن، توانای بەرهەمهێنانیان نەماوە و نیوە داخراو دێنە ئەژمار".

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوروبەری ٥٠ لەسەد لە بۆنگاکانی تایبەت بە کارگاکانیش ڕاوەستاون و ئەو کارگایانەی کە بە ناو توانایی بەرهەمهێنانیان هەیە، کەمتر لە ٣٠ لەسەدە و یەک لەسەر ٣ی بۆنگاکانی ئێران لە حاڵەتی بەرەوپێشچوون و ٢ لەسەر ٣یش یان داخراون یان لە حاڵەتی مایەپووچیدان.

هەر لەو پەیوەندییەدا جێگری ئەنجومەنی ماشینسازانی ئێران وتویەتی کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو، بەرهەمهێنانی ماشین لە ئێراندا ٢٢ لەسەد دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

لەگەڵ دەستپێکی گەمارووە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ئێران بەرەو داڕمانی یەکجارەکی ڕۆیشتووە و بەناو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لەبەر گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی خۆیان نەیانتوانیوە تاکوو ئێستاش ئەو کێشانە چارەسەر بکەن و ئاوڕ لە دۆخی شپرزەیی خەڵک بدەنەوە.