کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەناوەندی ١ی کوردستان رێوڕەسمی ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوە چوو

14:40 - 22 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لەناوەندی ١ی کوردستان رێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٦یەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەڤییەن، ساز کرا و تێیدا چەندین بڕگە و بابەتی پێوەندیدار بەو پرسەوە پێشکەش کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێوڕەسمەکە بە بەشداری ئەندامانی رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبە و کۆمیتەی قوشتەپە دەستی پێکرد.

سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەسپێکی رێوڕەسمەکە بوو.

پاشان، پەیامێک بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لەلایەن محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

محەممەد نەزیف قادری باسێکی لەسەر چۆنیەتی شەهیدکرانی د. قاسملوو، تایبەتمەندی و کەسایەتی ئەم رێبەرە کوردە و رۆڵی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا کرد.

قادری لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: بیر و هزری دکتور قاسملوو سەردەمیانە و پێشکەوتنخواز بوو و هەر ئەوەش بوو وای کردبوو رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ترسی لێبنیشێ و پیلانی شەهید کردنی بۆ دابرێژێت.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدابوو، کۆماری ئیسلامیی بە تیرۆرکردنی د. قاسملوو پیلانەکەی سەرخست، بەڵام نەیزانیبوو کە ئەو رێبەرە کوردە ستراتیژییەکی وای بۆ بزووتنەوەی کورد داڕشتبوو کە رێبوارانی ئەو رێگەیە ئێستاش هەنگاوەکانیان بە بڕشتەوە بەو رێگەیەدا هەڵدەگرن.

قادری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بریاری دەفتەری سیاسی و چوونی پێشمەرگە بۆ ناوچە سنوورییەکان کرد و داخ و پەژارەی خۆشی لەشەهیدبوونی قادر کەریمی بەدەستی گریلاکانی پەکەکە دەربڕی و هاوکاتیش پێی وابوو کە دانیشتنەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پەکەکە بە قازانجی هەردوولا بووە.

پاشان کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات سروودێکی لەژێر ناوی بۆ قاسملوو پێشکەش کرد.

شانۆیەک بە نێوی پەیمان لە نووسین و دەرهێنانی مورتەزا مورادوەیسی پێکهێنەری بڕگەیەکی دیکەی رێورەسمەکە بوو.

لەبڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی لاوان و ژنان لەلایەن ئومید زەندییەوە خوێندراویەوە.

دواتر شێعرێک لەلایەن عوسمان کەرەمی و پەخشانێک لەلایەن هانا موراد وەیسییەوە پێشکەش بە بەشدارانی رێوڕەسمەکە کرا، هەروەها بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکە سروودێک بە ناوی تریفەی بەیان بووە.

ئەلبومی وێنە:


ڤیدیۆ