کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنیوبردنی ئاسەوارێکی مێژوویی لە شاریکورد بە بیانووی لێدانی کارێز

12:38 - 31 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: شیرکەتێکی خزمەتگوزاریی وەزێڕی، لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری بۆ لێدانی کارێز، ئاسەوارێکی هەزارساڵەیان لەنێو بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ڕێژیم، شیرکەتی هەرەوەرزیی بەرهەمهێنانی "گوڵدەڕە"، کە سەر بە وزارەتی تەعاوەنی ڕێژیمە و خزمەتگوزاری وەزێڕی پێشکەش دەکات، بۆ لێدانی کارێزی ئاو لە "فەڕوخشار" لە نزیکیی شاریکورد، لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، دەستی داوەتە لەنێوبردنی ئاسەواری مێژوویی "ڕۆبات" کە هەزار ساڵ تەمەنی ئەو ئاسەوارەیە.

بە وتەی خەڵکی ناوچەکە، شیرکەتی گوڵدەڕە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنوور و ڕووبەری ئاسەواری مێژووییی ڕۆبات و ئاگادارکردنی ئیدارەی میراتی کولتووری و دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستی داوەتە ڕووخان و هەڵکەندن لەو ناوچەیە و خەسارێکی زۆری بەو ئاسەوارە مێژوویییە گەیاندووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەهمەن عەسکەری، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی میراتی کولتووری، پیشە دەستییەکان و گەشت و گەڕان، ڕایگەیاندووە: کە لە کاتی ئاگادارکرانی ئەو ئیدارەیە لەسەر تێکدانی ئەو ئاسەوارە، پێش بەو شیرکەتە گیراوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، کە بەشێکی زۆری ئەو ئاسەوارە لەنێو چووە.

ڕووبەری مێژووییی ڕۆبات، لە ئاسەوارێکی زۆری سەردەمی پێش ئیسلام و پاش ئیسلام پێک هاتووە و هەروەها کەرەستەیەکی بەردینەیی زۆر لە سەردەمی پێش مێژووی تێدایە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو شیرکەتە بۆ هەڵکەندنی کارێز دەستی داوە بە ڕووخانی ئەو ئاسەوارە و قەیرانی ئاو لە ئێران وای کردووە، کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاسەوارەکان و مێژووی ناوچەکان، ڕێژیم دەستی داوەتە هەڵکەندنی بیر و کارێزی ئاو.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی ڕێژیم و دەزگا پەیوەندیدار بە ئاسەوارە مێژوویییەکان، لە پاراستنی ئاسەوارەکان کەمتەرخەمن و ئاسەوارەکانی پێش ئیسلام لە ئێراندا بەئەنقەست لەنێو دەبەن.