کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان لە کوردستان بەردەوامە

13:25 - 17 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئاسەوارە مێژووییەکان بەردەوام لە کوردستان لەنێو دەبرێن و بەرپرسانی دەستنیشاندەی ڕێژیم لەو پێوەندییەدا هەڵوێستێکی بەجێیان نییە و تاوانەکان بۆ خەڵک دەگەڕێننەوە.

ئیدارەی میراتی کولتووریی ڕێژیم لە کرماشان، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، هەواڵی دۆزینەوەی ئاسەوارێکی مێژوویی کە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی دۆزرابووەوە، بڵاو کردەوە کە خاوەن مێژوویەکی ٣ هەزار ساڵەیە و لە ئێستادا بەتەواوەتی لەنێو براوە.

باس لەوە دەکرێت کە ئەو ئاسەوارە مێژووییە پەیوەندیدار بە سەرکەوتنەکانی "ئایدین سین"، پادشای دەوڵەتی "سیمۆرۆمـ"ـە.

ئەو نیگارە و زۆربەی نیگارە هەڵکەندراوەکانی دیکە کە لە پارێزگای کرماشان و باشووری کوردستان بیندراونەتەوە، بەڵگەیەکن لە کۆنترین سنوورە سیاسییەکانی دنیای باستان، لە سەرەتاکانی هەزارەی دووەمی پێش زایین، لە ناوچەی زاگرۆسدا.

نموونەکانی ئەم ئاسەوارە مێژووییە کە بە شێوەی نیگار هەڵکۆڵدراوە، لە چەند شاری دیکەی باشووری کوردستان دۆزراوەتەوە، لەوانە: "بینینەوەی چەند پارچە بەردێک بە نیگاری سەرکەوتنی ئەو پادشایەوە لە گوندی بەردی سانجیانی ناوچەی بێتواتەی سەر بە بەشی ڕانیە، سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە لە ساڵی ١٩٧١دا لە لایەن مۆزەخانەی ئیسرائیلەوە، لە پیاوێکی خەڵکی ئورووپا دەکڕدرێتەوە".

هەروەها بردنی ٣ پارچە بەردی تر، لە ساڵی ١٩٧٧ی زایینیدا کە تەواوکەری هەمان بەردن کە نیگارەکەی لێ کێشراوەتەوە و دۆزینەوەی پارچەبەردێکی دیکە لە گوندی "قەرەچەتانـ"ـی سەر بە پارێزگای سلێمانی کە ئاماژە بە هەمان مێژوو و ڕووداو دەکات.

لەنێوبردنی ئەو ئاسەوارە مێژووییانە و بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەنیسبەت پاراستن و سەرنیاکردنەوەی ئەو ئاسەوارانە، لەنێوبردنی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراوی داگیرکەرە، بۆ سڕینەوەی مێژوو و شوناسی نەتەوە بندەستەکان.