کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی سروشتی زاگرۆس لە لایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە

13:01 - 6 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سازکردنی ڕیگاوبانی ناپێویست لە شاخەکانی زاگرۆس لە هۆکارەکانی تێکدانی سروشتی کوردستانە.

ڕێژیمی ئێران لە نوێترین پرۆژە تێکدەرانەکانی، دەستی کردووە بە سازکردنی ڕێگاوبان لە "زەردکوهـ"ـی چوارمەحاڵ و بەختیاری، کە لە بواری سروشتیی ئێکۆسیستمەوە لە "بوم سازگانـ"ـی شاخەکانی زاگرۆسە و لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی شیرینی زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەرە.

سەعید یوسفپوور، بەڕێوەبەری پێشووی ژینگەیی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری و کارناسی ژینگە، ڕایگەیاندووە :کە زەردکوهـ لە بواری جۆری ئاژەڵ و لێرەوارییەوە، لە بەنرخترین و گرنگترین بەشەکانی ئێکۆسیستمی زەنجیرە شاخەکانی زاگرۆسە.

ئەو کارناسە ژینگەیییە هۆشداری داوە، کە سازکردنی ڕێگاوبان لەو شاخە ناپێویستە و دەبێتە هۆی تێکدانی سروشتی ئەو شاخە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێگاوبانی پێشووی ئەو ناوچەیە بەشێکی زۆری ئەو شاخەی تێکداوە و ئێستاش پێویست نییە، کە ڕێگایەکی نوێ ساز بکرێت و خەڵکی ئەو ناوچەیە لە هاتووچۆدا کێشەیان نییە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە ئەو پرۆژەیە بەبێ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە و هیچ پرسێک بە کارناسانی ژینگە و شوێنە پێوەندیدارەکان بە پاراستنی ژینگە نەکراوە و لەو بوارەدا هۆشداری داوە کە ئەو پرۆژانە لەسەر ژینگەی زەنجیرە شاخەکانی زاگرۆس هەڕەشەی سەرەکین.

ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی، بەردەوام لە هەوڵدایە، کانگا و سەرمایەکانی زاگرۆس بەتاڵان ببات و بە بیانووی لوجستیک و پاراستنی ئەمنییەتی نیشتمان، لە زەنجیرە شاخەکانی زاگرۆسدا بە سازکردنی ڕێگاوبان و بنکەی سەربازی، سروشتی کوردستان تێک بدات.