کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماددە هۆشبەرەکان چەکێک بۆ لەنێوبردنی مرۆڤایەتی

17:28 - 9 جۆزەردان 2719

ئاڵا عەزیزی

بەدرێژایی مێژوو، ماددە هۆشبەرەکان لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، وەکوو  ئامرازێک بەکار هاتووە لەلایەن وڵاتانی کۆلۆنیالیزم، زلهێز، وڵاتانی داگیرکەر بۆ بە کۆیلەکردنی گەلان لە سەر هەردوو ئاستی تاک و کۆمەڵگادا.

چەکێکی کوشندە بووە کە دەسەڵاتدارانی دونیا بەکاریان هێناوه دژ بە یەکتر بەمەبەستی رووخاندنی ئیمپراتۆر، بردنەوە لە جەنگ، تەسک کردنەوەی دەسەڵاتی سەربازی، سیاسیی و ئابووری یەکتر و بەرەولەنێوبردنی نەتەوەکان.

بەناوبانگترین دووجەنگ لە مێـژوودا هەردوو جەنگی "ئەفیون" بووە لە نێوان بەریتانیا و چین رووی داوە لە سەدەکانی هەڤدە و هەژدەدا؛ بە هۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە ‌ئیمراتۆریەتی "کیۆنگ"ی گەورە لە چین سێ سەدە بەردەوام بوو لە دەسەڵاتداریەتی لە ساڵی ‌١٦٤٤ وە تا ساڵی ١٩١٢. ناکۆکی نێوان ئیمپراتۆریەتی چین لەگەڵ بەریتانیادا ئەوکات لەسەر مەسەلەی سیاسی، یەکنەگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەییان و بەرژەوەندی ئابوورییان بووە.

هەروەک دەزانین ئێرانییەکان، مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. زۆربەی شارەزایانی ئەو بوارە کە لێکۆڵینەوە و خوێندەوەیان ئەنجام داوە پێیان وایە کە گەورەترین رێژەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەری هێرۆین لە ئێراندایە.

ماددە ھۆشبەرەکان لە کوردستان و ئێران ھێڵی سوری تێپەڕاندووە و لە ھەر گەڕەک و گوندو شارێکی کوردستاندا بە دەیان و سەدان کەس تووشبووی ماددە ھۆشبەرەکان بوونی ھەیەو ئەو بابەتەش کاریگەریی نەرێنی جۆراوجۆری لە سەر کۆمەڵگا و بنەماڵە و پەرەسەندن و بەھێزکردنی باقی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە داناوە و بەرپرسانی رێژیمیش بەتایبەتی لە رێگەی مافیای دەوڵەتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە نەک رێگری لە بڵاوبوونەوەو تووشبوونی شارۆمەندان بە دیاردەی گیرۆدەبوون، بەڵکوو بەشێوەیەکی سیستماتیک ھەوڵی پەرەپێدانی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییە، بەتایبەتی لەنێو لاوان و خوێندکارانی کوردستاندا دەدەن، بەڵام ئەگەر بمانهەوێ تایبەتیتر لەسەر بەدواداھاتەکانی ئەو بەڵا ماڵوێرانکەرە بدوێین سەرەتا دەبێت پێناسەیەکی زانستیمان لە سەر ماددە ھۆشبەرەکان و کاریگەرییەکانی لە سەر جەستەو دەروونی مرۆڤ ھەبێت.

پێناسە

گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر وڵامدانەوەی فیزیۆلۆژیکی جەستەیە بە کەڵکوەرگرتنی دووبارە لە ماددە ھۆشبەرەکان. گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر نەخۆشییەکە کە لەو نەخۆشییەدا کەسی تووشبوو کردەوەگەلێک کە بەدواداھاتێکی نەرێنی ھەیە و خۆی لەو ئاکامە نەرێنییانەی ئاگادارە دووپاتیان دەکاتەوە. ئەو نەخۆشییە بە تێکدانی ھێزی کۆنتڕۆڵی کردەوەو بیرکردنەوە، دووپات کردنەوەی کەڵکوەرگرتنی کەسی تووشبوو بەو جۆرە لە ماددەی ھۆشبەرە کە گیرۆدەی بووە لێدەکەوێتەوە. نەخۆشینی گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر گەمارۆکانی پەیوەندیدار لەگەڵ شوێنی بیرکردەنەوەی مێشک تێک دەدات و ئەو تێکچوونەی سیستمی مێشکەش بەدواداھاتی نەرێنی بیۆلۆژیکی، فیزیۆلۆژیکی، کۆمەڵایەتی و دەروونی لێدەکەوێتەوە.

گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر واتە خۆبەستنەوەیەکی بەھێز بە ھۆکار یان ھۆکارگەلێک کە دووپاتکردنەوەیان بە رێژەیەکی دیاریکراو و لە کاتی دیاریکراودا لە روانگەی کەسی تووشبووەو پێویستە واتە بەردەوام بوون لە کەڵکوەرگرتن لە ماددەی ھۆشبەر.

کەسی تووشبوو بە ماددە ھۆشبەرەکانیش بە کەسێک دەوترێت کە پێویستییەکی زۆری دەروونی و جەستەیی بە ماددەی ھۆشبەر ھەیە کە لەپێناو بە ئەنجامگەیاندنی پێویستییەکانی دەبێت لە ماددە ھۆشبەرەکان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی و لە کاتێکی دیاریکراودا کەڵک وەربگرێت.

نیشانەکانی تووشبوون بە ھۆشبەرەکان

ژمارەیەک لە نیشانەکانی کەڵکوەرگرتن لە ماددەی ھۆشبەر کە دەتوانن لە ناسینی کەسی تووشبوودا یارمەتیمان بدەن و بەر لەوەیکە کەسی تووشبوو بگاتە قۆناغێکی مەترسیداری گیرۆدەبوون بە ھۆشبەرەکان، چارەسەر بکرێت و لەو خەسارە کۆمەڵایەتییە رزگار بێت، ئەم نیشانانەی خوارەوەن:

خەمۆکی، سەڕسوڕین، گرفتی خەووخواردن، لەرزین و ئارەق کردنی جەستە، چۆرتدان، حاڵەتی رشانەوە، بۆنی ناخۆشی دەم و ددان، سووری چاو، ئاو لە دەم و چاو ھاتن، بە شێوەیەک قسەکردن کە تێگەیشتن لەو قسانە دژوار بێت، حاڵەتی سەرخۆشی، لەبیربردنەوەی خێرای بابەتەکان، ئاڵوگۆڕ بە سەر کردەوەدا، گۆڕینی گروپی ھاوڕێیەکانی بۆ ئەو کەسانەی کە ماددەی ھۆشبەر قاچاخ دەکەن یان تووشی ئەو ماددانە بوون، درۆکردن، گۆشەگیری، ماندووییەکی زۆر بە بێ ئەنجامدانی کار، پێویستی ھەمیشەیی بە پارە، بەڕێوەنەبردنی یاسای بنەماڵەو کۆمەڵگاو قوتابخانە، لەدەستدانی ئەو دڵخۆشییەی کە پێشووتر بە قوتابخانەو بنەماڵەی ھەبوون.

بەدواداھاتەکانی گیرۆدەبوون بە ھۆشبەرەکان کاریگەری ماددە سڕکەرەکان لە سەر کەسی تووش بوو

کەمبوونەوی خواستی جینسی، کەمبوونەوەی کێشی جەستە، رەشبوونەوەی رەنگی پێست، خەمۆکی، تێکچوونی کاتی خەو، تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و سی، لەناوچوونی شوێنی بیرکردنەوەی مێشک، تووشبوون بە ئایدز و هێپاتیت، ژەھراوی بوون و مەرگ.

کاریگەری لە سەر بنەماڵە

سازبوونی گرفتی کاری و کێشە لەوانە خوێندن، توندوتیژی کردن لەگەڵ بنەماڵە، کەمبوونەوەی داھات و ھەژاری، گرینگینەدان بە ئەرکەکان لە پێناو بنەماڵەدا، ئاگادارنەبوون لە کارو چالاکی منداڵان و ئەندامانی بنەماڵە.

کاریگەری لە سەر کارو پیشە

بێکاری و لە سەر کار دەرکردنی، زیاتربوونی روودانی رووداو لە کاتی شۆفێری و کارکردندا.

بەدواداھاتی ئابووری و کۆمەڵایەتی

گرینگینەدان بە ھەڵسوکەوت و ئەخلاق، ھەژاری و بێ خانومانی، بێکاری، دزی کردن، دەستدرێژی کردن، قەتڵ و باقی تاوانەکانی دیکە.

کاریگەری لە سەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی کەسی تووشبوو

جەڵدەی دڵ و مێشک، کەمکاری مێشک و لەناوچوونی ناوکەکانی مێشک، گرفتی دەروونی و بەردەوام بوونی ئەو گرفتە دەروونییانە، خەمۆکی، گرفتی خەو و خۆراک، نەبوونی منداڵ یان بەدنیاھێنانی منداڵی مردوو، تووشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی وەک شیرپەنجە و ھەزاران بەدواداھاتێکی نەرێنی دیکە لە کەڵکوەرگرتن لە ماددە ھۆشبەرەکان دەکەوێتەوەو تاکوو ئێستا کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری لە سەر کۆمەڵگا داناوەو بەشێک لە ھێز و تێچووی بنەماڵەکان و کۆمەڵگا بەو ئەندامانەی بنەماڵانەیانەوە دەچێت کە تووشی ھۆشبەرەکان بوون.

ئێستاکە لە ھەموو جیھاندا زیاتر لە سێ ھەزار جۆر مادەی ھۆشبەر بوونی ھەیە بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە باشترین شێوە یارمەتیدەری ئەو کەسانەی کە بە مادەی ھۆشبەر تووش بوون، ببین و لەو بەڵا ماڵوێرانکەرە رزگارییان بکەین و ھەروەھا بە ھۆی ئەویکە رێگری دەوروبەرییەکانمان لە کەوتنە ناو داوی ئەو تەبلیغانەی کە بە درۆ لەلایەن قاچاخچیانەوە لە سەر ھۆشبەرەکان دەکرێن بکەین، و وەکوو ئەوەیکە لە ھۆشبەرەکان وەکوو دەرمانێک بۆ نەخۆشییەکان یان ماددەیەکی وزەبەخش بۆ وەرزشوانان ناویان لێ دەبردرێت، پێویستە لانیکەم ئەو ھۆشبەرانەی کە لە کوردستان و ئێران بە زیاترین رێژە بوونیان هەیە کە نزیکەی ٣٠ جۆر مادەی ھۆشبەرەن بناسرێن.

ئەوەی کە پێویستی زیاتری بە ئاماژەو جەختکردنەوەیە، لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا لە پێناو کونتڕۆڵ کردنی تووش بوون بە ھۆشبەرەکان و بەرنگاری لەگەڵ ئەو خەسارە، سەرکەوتوو بوون، لە ٧ رێگەچارەی بنەڕەتی و زانستی بەمەبەستی دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی مادەھۆشبەرەکان کەڵکیان لێوەر دەگیرێت بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا بەپێچەوانە نەتەنیا ھەوڵێک بەمەبەستی چارەسەری ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییە نادرێت بەڵکوو بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر و سیستماتیک ھەوڵی پەرەپێدانی ئەو دیاردەیە بە تایبەتی لە کوردستان دەدرێت؛ ٧ رێگەچارەی زانستی لێرەدا دەخرینە بەرچاو کە بریتین لە:

١-وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە مەترسی و زیانی مادەھۆشبەرەکان.

٢-زیاترکردنی تواناکانی ژیان کردن وەکوو: ھەڵبژاردن، چارەسەرکردنی بابەتەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

٣-پشتیوانی لە چالاکی و کردەوەی جێگیر لە جیاتی کەڵکوەرگرتن لە مادەسڕکەرەکان، بۆ پێداویستییە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکانی لاوان و مێرمنداڵان.

٤-بەشداری پێکردنی کەسانی تووشبوو لە کاتی روودانی قەیرانە جۆراوجۆرەکان.

٥-زیاترکردنی رێژەی کەلتووری تاکەکان، بنەماڵەو کۆمەڵگا.

٦-بەرگریکردن لە یاسای دژایەتی لەگەڵ مادە ھۆشبەرەکان.

٧-چارەسەرکردنی نەخۆشینی کەسی تووشبوو بە مادەھۆشبەرەکان بەمەبەستی رێگری کردنی گیرۆدەبوون بۆ نێوان باقی شارۆمەندانی کۆمەڵگا.

بەڵام ئەو بابەتە حاشاھەڵنەگرەی کە بۆ پەرەپێدانی دیاردەی مادەھۆشبەرەکان لە لایەن ھێزو بەرپرسان و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شارو گوندەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە پێویستە جەختی تایبەتیتر لە سەری بکرێتەوە.

.ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە