کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕۆبیۆ: پێویستە ئامریکا بەرامبەر بە هێرش بۆ سەر مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات هەڵوێست بگرێ

11:20 - 28 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سێناتۆرێکی کۆماریخوازی ئامریکایی لە مەجلیسی سێنای ئەم وڵاتەدا هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بە بەشێک لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە زانی و داوای کرد وڵاتەکەی هەڵوێستی جیددی بگرێ.

سێناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ لە ئەندامانی باڵای سێنای ئامریکا لە تویتێکدا هێرشی مووشەکی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد و خوازیاری وڵامی توند و جیددی، لەلایەن ئامریکاوە بەو هێرشە مووشەکییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.

ناوبراو دەڵێت: ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران بەشێک لە هەوڵەکانی ئەم حکوومەتەیە بۆ دروست کردنی ناسەقامگیری و تێکدانی ناوچەکە و کردەوەیەکی تێرۆریستییە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە مووشەکباران کرا، کە لەو مووشەکبارانەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی شەهید و بریندار بوون.

دوابەدوای ئەم جینایەتە شەرمێونانەی ڕێژیم، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بەپیری بانگەوازی حیزبەکانی کوردستانەوە هاتن و مانگرتنێکی سەرانسەرییان لە کوردستان وەڕێخست کە بە وڵامێکی مێژوویی بۆ دەسەڵاتی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی ناوزەد کرا.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش دەوڵەتی بریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا و بە فەرمی، بە توندی هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد.

لەلایەکی دیکەشەوە باڵوێزی بریتانیا لە عێراق، هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کردبوو و لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندبوو: "ئامانجی ڕێژیمی ئێران لەو هێرشە کوشتنی خەڵکی سڤیل بووە، کە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت. هەرچەند هەر وڵاتێک مافی پاراستنی خۆی هەیە، بەڵام ئەم کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران بەرگری نەبووە، بەڵکوو هێرشی ئاشکرایە بۆ سەر وڵاتێکی دیکە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ڕێژیمی ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق نەگرتووە و ئێمە بەو ئاکامە گەیشتووین، کە ئەو هێرشانە زۆر مەترسیدارن و بارودۆخی ناوچەکە ناسەقامگیر دەکەن".