کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماسییەکانی "نژمار" لەنێو دەبرێن

12:07 - 15 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: هەژمارێکی زۆر لە ماسییەکانی چۆمی "نژمار"، بە شێوەی بەکۆمەڵ لەنێوچوون کە ئەمە هەڕەشە لە ئێکۆسیستم دەکات و وەکوو تێکدانی ژینگە دێتەر ئەژمار.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان، لە یەک و نیو کیلۆمیتریی داوێنی گوندی "نژمار" و لە ٣ کیلۆمیتریی خۆرئاوای گوندی "شارانی، لەنێو چۆمی "نژمار" و لە شوێنێک بە ناوی ''چەمی بووبان''، هەژمارێکی بەرچاو ماسی، لە شێوەژینی "ماسیی چەم" یان "ماسیی ڕەهای چەم"، بە شێوەی بەکۆمەڵ لەنێو چوونە.

لە ڕوانگەی ژینگەپارێزانەوە، ڕووداوێکی لەو چەشنە خەسارێکی گەورەیە و ئاماژەیەکی ترسێنەرە بۆ ئێکۆسیستم و تێکڕای ژینگە کە ساڵانە لەو جوغرافیایەدا دووپات دەبێتەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا، "دەستێوەردان و ئاڵۆزرانی ژینگەی ئاوی، یەکانگیربوونی پیساییەکان و زێراوەکانی شار و شارۆچکەکانی مەریوان، کانی دینار، جووجەسازی و شوێنە پیشەییەکان، کەمبوونەوەی ئاستی ئاو بەهۆی هەڵگۆزان بۆ مەبەستگەلی کشتوکاڵ و ئاودێری"، لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو کارەساتە دەزانێت.

ئەم چەشنە ڕووداوانە، ساڵانە لە شارەکانی کوردستاندا بە مەبەستی تێکدانی ژینگە و لەنێوبردنی بوونەوەرەکان، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت.