کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە

11:39 - 16 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئەندامی ڕێبەریی حیزب و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان، بەڕێز مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی سەبارەت بە دیاریکردنی ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب، سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە.

تێکۆشەری ناسراو و دێرینی کوردستان و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، بەڕێز حەسەن شیوەسەڵی لە دووتوێی پەیامێکی دەنگیی ڕوو لە خەڵکی کوردستان، کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان، کەمئەندامانی کوردستان و ئەندام و لایەنگرانی حیزب سپاسی خۆی بەبۆنەی دیاریکردنی ١٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب لەلایەن ناوەندی سیاسییەوە دەربڕی.

ناوبراو لەم پەیامەدا وێڕای شەنوکەوکردنی گرینگی نێوەڕۆکی ئەم بابەتە، باسی لەوە کرد کە ئەم ڕاگەیەندراوەی ناوەندی سیاسی چەشنێک لە بەزاندنی سانسۆرە، بەو مانایە کە پاش زاڵبوونی چەشنێک لە ئەدەبیاتی ئەریستۆکراتیک بەسەر حیزبدا ئەم چەشنە هەنگاو و ئەدەبیاتە دەری دەخات حیزب جۆرێک لە مێتۆدی نوێ لە خەباتی گرتۆتە بەر کە ڕەوتی گەشەکردنی فەرهەنگی پێوە دیارە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشیاندا وێڕای ڕێزنواندن بۆ حیزب بەبۆنەی ئەم کارە پڕبایەخە ڕایگەیاند: دیاریکردنی ئەم ڕۆژە خاڵێکی جەوهەری تێدا بوو کە دەبێ بە گرینگییەوە لێی بڕوانین ئەویش بریتی بوو لە بەخشینی ناسنامەیەکی تازە بە کەمئەندامان کە لەباری سایکۆلۆژییەوە فەزای ناخۆشی زاڵ بەسەر ڕۆحی کەمئەندامانی شکاند.

هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە دەقی تەواوی پەیامی بەڕێز مامۆستا شیوەسەڵی دواتر دەخرێتە بەر دید و گوێی هەموو لایەک.