کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا محیەدین حەق‌شناس شاعیر و ئەدیبی ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد + وتووێژ

17:36 - 24 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: مامۆستا محیەدین حەق‌شانس ئەدیب و شاعیری بەناوبانگی ئەردەڵان و ئافرێنەری بەرهەمی \'\'شارەکەم سنە\'\'، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، مامۆستا مـحیەدین حەق‌شناس، شاعیری ناسراوی نەتەوەی کورد لە شاری سنە بەهۆی پیری و نەخۆشی لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا حەق‌شناس، خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی کوردی و فارسییە و کۆمەڵە شیعری \'\'شارەکەم سنە\'\' لە بەرهەمە دیارەکانی ناوبراوە و چەندین بەرهەمی دیکەشی وەکوو پەرتووکی بیرەوەرییەکانی و کۆمەڵە شیعرێک بە زمانی فارسی هەیە کە هێشتا لە چاپ نەدراوە.
تەرمی ناوبراو ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر، بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە فەرهەنگ دۆستان و ئەدەب دۆستان، لە گۆڕستانی \'\'بەهەشت محەممەدی\'\'ی شاری سنە بە خاک سپێردرا.
محیەدین حەق‌شناس یەکێک لە هەڵکەوتووترین شاعیرانی نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەدەبدۆستانی ناوچەکە بوو و چەندین جار وەکوو کەسایەتیی دیار و سەرکەوتووی فەرهەنگیی کوردستان رێز و حورمەتی لێ گیراوە.
فەرەیدوون ئەرشەدی شاعیر و چالاکی فەرهەنگی، سەبارەت بە کەسایەتیی مامۆستا محیەدین حەقشناس و کەسانی هاوچەشنی ئەو، بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ئوستاد مەحیەدین حەق‌شناس لە زومرەی شاعیرانی ناوچەی ئەردەڵانە کەبە شێوازی تایبەتیی خۆیان هەوڵی پاراستنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەیان داوە. ئەم شاعیرانە لە کەش و هەوای ئازادی دەورانی \'\'دوکتور موسەدێق\'\'دا لەتەک زمان و فەرهەنگی فارسی ئاشنا بوون و لە هەمان کاتدا وجوودی چەندین رۆژنامە بەتایبەت لە شاری سنە و تاراندا ، هاندەرێکی باش بوو بۆ چالاکترکردنیان لە بواری شیعر و ئەدەبی فارسی بەگشتی و پاشان ئەدەبی کوردی بەتایبەت شیعر. لە کەس شاراوە نییە کە پێش کۆماری کوردستان، کەش و هەوای رۆشنبیریی شاری سنە و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئێمارەتی ئەردەڵان، بوونی بەرهەمی شاعیرانی گەورە و مێژوونووسانی دیاری ئەو سەردەمە، بەستێنی لەباری بۆ دەوڵەمەند کردنی پاشخانی زمانی و فیکریی ئەم شاعیرانە ئامادە کردبوو. لێکدانەوەی سەردەمی پاش کودەتای ١٣٣٢ و چۆنیەتیی کەش و هەوای فەرهەنگی و رۆشنبیریی شاری سنە و حاڵ و ئەحواڵ و کاری شاعیران و نووسەرانی کارامەی ئەو دەورانە دەرفەتێکی دیکە دەخوازێ و لە تاقەتی ئەم وتووێژەدا ناگونجێ\'\'.

8017.jpg
فەرەیدوون ئەرشەدی


ئەرشەدی سەبارەت بە کۆمەڵە شیعری \'\'شارەکەم سنە\'\' وتی: \'\'ئوستاد مەحیەدین حەق‌شناس یەکێک لەو شاعیرانەی ناوچەی ئەردەڵانە کەلە کارە کوردییەکانیدا بە شێوازی شیعری خۆماڵی و بە وەزنی پێنج بڕگەیی لە قاڵبی مەسنەویدا، کە زۆربەی سەربهوردە و پەندی پێشینیان و داستانی عاشقانەی کوردی لە زەمانێکدا پێی نووسراوەتەوە. مەنزوومەیەکی بە ناوی \'\'شارەکەم سنە\'\' نووسیوە کەلە هاوچەشنەکانی خۆیدا بێ هاوتایە\'\'.
وتیشی: \'\'هەروەک هەموان دەزانن ئەم مەنزوومەیە، داستانی کەسە دیارەکانی ناو شار و باری کۆمەڵایەتی و داب و نەریتی شاری سنەیە. خاڵی هەرە گرینگ لە کاری \'\'ئوستاد حەقشناس\'\'دا ئەوەیە کە هەوڵی داوە داب و نەریت و کولتووری شاری سنە بە شێوازێکی کۆنی کوردی بپارێزێت\'\'.
فەرەیدوون ئەرشەدی وێڕای ئاماژەدان بە گرینگیی کاری مامۆستا حەق‌شناس لە مەنزوومەکەیدا وەکوو سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ کۆمەڵناسان، فیلمنامەنووسان، شانۆکاران و زمانناسان، وتی: \'\'شارەکەم سنە سەرچاوەیەکی زۆر پڕ و زۆر گرینگە بۆ لێکدانەوەی شێوەزاری ئەردەڵانی و کەڵک وەرگرتن لە وشەکانی بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردنی زمانی ستانداردی کوردی\'\'.
ئەو چالاکە فەرهەنگییە هەروەها سەبارەت بە دەسکەوتی مامۆستا محیەدین وتیشی: \'\'پاراستنی هۆوییەت و ناسنامەی کوردانی دانیشتووی شاری سنە و دەوروبەری، بە نواندنی تایبەتمەندییەکانی ژیانی رابردوویەکی نە فرە دوور، یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی کاری ئەم شاعیرەیە\'\'.
ئەرشەدی لە کۆتاییشدا سەبارەت بە شێوازی ئەدەبی و قاڵبی شیعریی شارەکەم سنە وتی: \'\'گەر چی ئەو قاڵبە شیعریەی ئاغای حەقشناس بۆ نووسینی \'\'شارەکەم سنە\'\' بەکاری بردووە، وردە وردە کارکردی خۆی لە ئەدبیاتی کوردیدا لە دەس داوە، بەڵام نووسەری مەنزوومەی شارەکەم سنە نیشانی داوە کە دەتوانین لە قاڵبە کۆنەکانیش بە شێوازێک کەڵک وەربگرین کە لە کۆمەڵگای نیمچە مۆدێڕنی کوردەواریدا بە باشی وەربگیردرێ. پێشوازی و بە پیرەوە چوونی خەڵک لەو بەرهەم نیشانی دا کە خزمەت بە خەڵک و زمانی دایکی، لە هەر قاڵب و شێوازێکی ئەدەبیدا بێت، پڕ بایەخە و لەلایەن خەڵکەوە بە دڵ ئاوەڵایی‌یەوە وەردەگیرێ\'\'.

وێنە: ئەفشین فەتاحی