کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی ئایینی، پشتیوانییان لە خەڵکی کوردستان کرد

12:58 - 20 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: مامۆستایانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە خاک و نەتەوەی کوردستان، داوایان کرد دژی هێرشی دوژمنان بووەستینەوە و پارێزگاری لە خاک و نیشتمانی خۆمان بکەین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مامۆستایانی ئایینی و پێشنوێژی مزگەوتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێرشی دەوڵەتی تورکیەیان بۆ سەر خاکی کوردستان مەحکووم کرد.

مامۆستایان لە خوتبەکانیاندا، بەتوندی هەڵوێستی خۆیان دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیە و داگیرکاریی ئەو دەوڵەتە دەربڕیوە.

مامۆستایان ڕایانگەیاندووە: "ئێمە خۆمان بە سەربەرزی مێژوو دەزانین و هەموو کاتێک خۆمان بە براوەی ئەم گۆڕەپانە دەژمێرین. وێڕای ئەمەش هەر سیاسەتێک کە ستەم بەم گەلە ڕەوا ببینێت، ئێمە ئیدانە و مەحکوومی دەکەین و بە ناڕەوای دەبینین".

کورد لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهان و بۆ پارێزگاری لە مرۆڤایەتی، لە تێکشانی داعش و داعشیزمدا دەوری سەرەکییان گێڕاوە و نیشانیان داوە کە لە نیشتمانی خۆیاندا هەموو نەتەوەکانی ناوچە دەتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا پێکەوەژیانێکی ئاسوودەیان ببێت. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ کەوتوونەتە بەر هێرشی جینایەتکارانەی سپای داگیرکاری تورکیە.