کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵامی داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی به گازی فرمێسکڕێژ دەدرێتەوە

09:47 - 7 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرهەنگیانی شاری ئێسفەهان، لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامه و بوودجەی ڕێژیم، به گازی فرمێسکڕێژ و دەسبەسەرکردنیان وڵام درایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، زیاتر لە ٥٠ کەس لە مامۆستایان و فەرهەنگیانی شاری ئێسفەهان، به مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین به کەمیی مووچە و هاوتەریبکردنی مووچەی خانەنشینکراوان و هەروەها خوازیاری ئازادکردنی مامۆستا دەسبەسەرکراوەکان، لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامه و بوودجەی ڕێژیم، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هێزە ئەمنییەتی و ئینتیزامییەکان، بۆ پێشگرتن له کۆبوونەوەی مامۆستایان و فەرهەنگیانی شاری ئێسفەهان، به ئێسپری بیبار هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازییان و بۆ دوورخستنەوەیان لە گازی فرمێسکڕێژ کەڵکیان وەرگرتووە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزە ئینتیزامییەکان، سەرەڕای دەسبەسەرکردنی چەند کەس لەو ناڕازییانە، موبایلی چەند کەسی دیکەشیان وەرگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ناڕەزایەتیدەربڕینی مامۆستایان لە هەمبەر دۆخی نالەباری ژیانیان لە مانگەکانی ڕابردووشدا لە ئارادا بوو؛ مامۆستایانی ئێران لە زۆربەی شارەکاندا و بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، لە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەردا، لە مانگرتنێکی سەرتاسەریی دوو ڕۆژەدا، به بەشداری نەکردنیان لە کلاسەکاندا، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر دۆخی ژیان و بیمە و هەروەها ئازادیی ئەم سێنفە دەربڕی.