کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی زانکۆ بووە قوربانی ناوی کوردستان

15:40 - 18 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: خوێندکارێکی کورد ، لەبەر ئەوەی لە تێزەکەیدا ناوی کوردستانی هێنابوو، لە خوێندنی دوکتورا بێبەش کرا.

هیوا سەلام، مامۆستای زانکۆ لە بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی کۆیەی هەرێمی کوردستان، کە نزیک بە دوو ساڵ لەمەو پێش، بۆ  خوێندنی دوکتوراکەی ڕووی لە وڵاتی قوبرس کردبوو لە دوای تێپەڕکردنی سەرکەوتووانەی هەموو ڕێوشوێن و تاقیکردنەوەکان بۆ خوێندنی دوکتوراکەی، لێژنەی ئەو زانکۆیە لە کاتی پێشکەش کردنی تێزی دوکتوراکەی، لەبەر ئەوەی ناوی کوردستانی هێناوە ڕەدکراوەتەوە و لە خوێندن بێبەش کرا.

لەم بارەوە ناوبراو بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "من دوکتورام خوێندووە لە زانکۆی "میو" لە وڵاتی قوبرسی تورکی، دوای ئەوەی دوکتوراکەم تەواو کرد و لە تێزی دوکتوراکەم دەرچووم کە تێزەکەم سەبارەت بە قەڵای هەولێر بوو، وەک ڕەمزێکی دیرۆکی و کولتوری کورد بۆ ڕاکێشانی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای ئەوەی دەرچووم لە تاقیکردنەوەی تێزدا، لێژنەیەک بانگی کردم و پێیان ڕاگەیاندم کە نابێت ناوەکانی کورد و کوردستان و کولتوری کوردی بەکار بهێنم، چونکە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەوان یەک ناگرێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " منیش لەوێدا ئاماژەم بەوەدا کە ئەوە بابەتێکی ئاکادیمییە و ناکرێت تێکەڵ بکرێت و ناوی کوردستانیش ناوێکی فەرمییە و لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دانی پێدا نراوە، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون و منیش تێزی دوکتوراکەم کشاندەوە.

هیوا سەلام، لەبارەی گرتنی ڕێوشوێنی یاسایی بۆ ئەم بابەتە ڕایگەیاندووە ئەمە ماوەی دوو ساڵە ڕێوشوێنی یاساییم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە گرتووەتە بەر بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبووە بۆیە بڕیارم داوە لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی بکەم".

ئەم مامۆستایەی زانکۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، کە ئەمە یەکەم جار نییە دەبێتە قوربانی سیاسەتەکانی داگیرکارانی کوردستان و پێشتریش لەبەر ئەوەی لە کتێبێکیدا لەسەر نەتەوەکانی ئێران، باسی کوردی کردبوو، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە قەدەغەی هاتووچۆی بۆ وڵاتی ئێران خراوەتە سەر و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.