کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن

12:07 - 8 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنەکان و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە پێناو دابینکردنی مافی کرێکاران و وەرزێران لە شارەکانی ئێران بەردەوامن.

وەرزێرانی شارە جۆراوجۆرەکان لە سێ پارێزگای ورمێ، ئسفەهان و خووزستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، چەوەندەرکارانی شاری پیرانشار، لەسەر ڕێگای کارخانەی قەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

کۆبوونەوەی وەرزێرانی ئسفەهانیش هەر لەو ڕۆژەدا، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر دابین نەکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵی پاییزی بووە، کە لە شارەکانی نەجەفاوا، قەهدەریجان، پوولادشار و فیلو بەڕێوە چووە و  لە ڕۆژی دووشەممەشدا بەردەوام بووە.

لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە کرێکارانی بەشی گواستنەوەی پاڵاوگەی نەوتی ئابادان، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، کە ژمارەیان دەگەیشتە زیاتر لە ٩٠ کەس.

ئەوان خوازیاری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرپرسان سەبارەت بە زیادکردنی مووچەی مانگانەی خۆیان بوون.

لەم پێوەندییەدا ١٥ کەس لە کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ڕەنگی "پارس پامچاڵ"یش لە پارێزگای قەزوێن، لە لایەن بەرپرسانی ئەم کۆمپانیایەوە دەرکراون.

پێشتر ٣٥ کرێکاری ئەم کۆمپانیایە بە هەواڵدەریی "ئیلنا"یان ڕاگەیاندبوو، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، مووچەیان پێ نەدراوە. بە وتەی ئەوان، کارفەرمای ئەم کۆمپانیایە ماوەی ١٠ ڕۆژ پێش مووچەی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووی بە کرێکاران داوە.

کەمبوونی مووچە و پشتگوێخستنی داخوازییەکانی کرێکارانی کۆمپانیاکان و دەرکردنیان لەسەر کارەکانیان و هەروەها گرینگی نەدان بە کەرتی کشتوکاڵ لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتیی کۆمەڵێکی بەرچاوی لە خەڵکی شارەکانی ئێرانی بەدواوە بووە.