کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی بانە لەژێر چاودێریی بێ‌سوودی ڕێژیم بەردەوامە

18:11 - 19 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هێمای خۆڕاگری و دەنگی هاواری مافخوازیی کورد، بۆ ٢٥ەمین ڕۆژی بەردەوام درێژەی بە مانگرتنەکان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆش بۆ ٢٥ەمین ڕۆژی بەردەوام خەڵکی خۆڕاگری بانە درێژەیان بە مانگرتن دا و بوونە هێما و سیمبۆلی مافخوازی گەلەکەیان.

لە ٢٥ەمین ڕۆژی مانگرتنەکاندا کە توانیویەتی سرنجی زۆربەی میدیا و وڵاتە جیهانی و ناوچەییەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، لێپرسراوانی رێژیم لەباتی ئەوەیکە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و داخوازەکانی خەڵک بدەن چاودێری بێ‌سودیان کردۆتە کاری ڕۆژانەیان.

پرسی سەرنجڕاکێش لەم نێوانەدا ئەوەیە کە مۆرە ناوزڕاوەکانی رێژیم بێ‌ئەوەیکە ئاوڕێکی جیددی لە دۆخی خەڵکی بانە و باقی شارە سنوورییەکانی کوردستان بدەنەوە ڕایانگەیاندووە کە گەڵاڵەی داخستنی سنوورەکان و بەقەولی ئەوان "ساماندهی" سنوورەکان بۆ پاراستنی "کەرامەتی ئینسانی" خەڵکە!

فەرمانداری بانە و بەڕێوەبەریی گشتیی کاروباری سەربازی و ئەمنیەتی پارێزگای سنەش لەم نێوانەدا سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسەن؛ 

بۆوێنە بەڕێوەبەریی گشتیی کاروباری سەربازی و ئەمنیەتی پارێزگای سنە وتوویەتی خەڵکی شاری بانە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەم گەڵاڵەدا نییە و پشتگیری دەکەن! هەروەها فەرمانداری بانە وتوویەتی ئیجراکردنی ئەم گەڵاڵە بە قازانجی خودی خەڵکەکەیە چوونکە کەرامەتی ئینسانییان دەپارێزرێ!؟

ئەم چەواشەکارییانە لە کاتێکدان کە لە ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەو گەڵاڵەیە، زیاتر لە ٨٠ هەزار کۆڵبەر و چەندین هەزار دووکاندار و بازرگان بێکار دەبن یان تووشی مایەپووچی دەبن کە ئەمەش بەکردەوە واتای قڕکردنی کوردستان دەدات کە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمە.