کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی تاکسیدارانی ڕۆژهەڵات

13:21 - 12 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: شۆفێر و تاکسیدارانی ڕۆژهەڵات، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەستیان داوەتە مانگرتن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، تاکسیدارانی شاری کرماشان، بە ڕاگرتنی تاکسییەکانیان لە بەرامبەر ئیدارەی تاکسیڕانی و داخستنی ڕێگەی سەرەکی، دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین.

هەروەها لە شارەکانی سنە و بۆکان، تاکسیداران هاوشێوەی کرماشان، دەستیان کردووە بە مانگرتن و ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر گرانیی پێداویستی و" دیاردەی موسافرکشی شەخصی" و مافی بیمە، دەربڕیوە.

شۆفێر تاکسییەکان لەو شارانەدا، بە ڕاگرتنی ئۆتومبیلەکانیان، لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان، مانیان گرتووە، هەرچەند ئەو مانگرتنە هاوکات نەبووە، بەڵام هەر ڕۆژێک لە شارێک، شۆفێر تاکسییەکان دەست دەکەن بە مانگرتن.

جێگەی ئاماژەیە کە شۆفێر تاکسییەکانی کرماشان، بە کۆبوونەوە لەبەردەم ئیدارەی تاکسیڕانی شاری کرماشان، بە دروشمدان و دەنگ هەڵبڕین، داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە لایەن ڕێژیمەوە کردووە و هەروەها، داوکار بوون کە بەرپرسی تاکسیڕانی کرماشان، دەست لەکار بکێشێتەوە.

مانگرتنەکان لە کوردستان، لە هەموو چینەکان، هەر ڕۆژەو لە شارێک، سەرهەڵدەدات و خەڵکی ڕۆژهەڵات داوای مافەکانیان دەکەن و گوشار بۆ ڕێژیم دەهێنن، کە خوڵقینەری کێشەکانی خەڵک، بە تایبەت کێشە ئابوورییەکانە.