کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی دووبارەی کامیۆنداران لە سەرتاسەری ئێران

11:52 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: شەپۆلێکی دیکە لە مانگرتنی کامیۆندارانی ئێران، زیاتر لە ١٠ شاری ئێران دەستی پێ کردووە.

دوای بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەفتەی ڕابردوو، لە لایەن کامیۆنداران بۆ مانگرتنی گشتی، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، لە ١٠ شاری ئێران، کامیۆنداران بە ڕاگرتنی کامیۆنەکانیان دەستیان بە مانگرتن کردووە.

لەو ڕۆژەدا، لە شارەکانی: کەرەج، ئیسفەهان، مەشهەد، قەزوین، دزفول، برووجێرد، ورمێ، بەندەرعەباس، یەزد، پولدوختەر و شیراز، کامیۆندارەکان بە ڕاگرتنی کامیۆنەکانیان لە قەراخی ڕێگاکان و هەڵنەگرتنی بار و ڕێکردن لە ڕێگاکان بە بوقلێدان، لە هەمبەر گرانی پێداویستیی کامیۆنەکانیان و گرانی لاستیک و هەرزانبوونی بار، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کامیۆندارانی سەرتاسەری ئێران بڕیاریان داوە، کە لە دەسپێکی مانگی ڕەزبەر لە هەموو ئێراندا هەتا چارەسەر کردنی کێشەکانیان مانگ بگرن.

پێشتریش کامیۆندارانی ئێران بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو لە سەرانسەری ئێراندا دەستیان بە مانگرتن دابوو، کە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا بوو و زیاتر لە ١٦٠ شاری ئێرانی گرتەوە.

بەگشتی کامیۆندارانی ئێران هۆکاری مانگرتنەکان، ناڕەزایەتی لە هەمبەر کێشەی کرێ بارەکان، زیادبوونی نرخی بیمە، عەورازی ئۆتووبانەکان، تێچووی زۆری چاککردنەوەی کامیۆنەکان و گرانیی کەلوپەلەکانی کامیۆن و گرانی سووتەمەنی .... دەزانن.