کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی مامۆستایان لە کوردستان بەڕێوە چوو

16:53 - 22 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە چەندین شاری کوردستانی ئێراندا بەهۆی خراپی باری بژیوی ژیان و دۆخی نالەباری خوێندن، مامۆستایان مانیان گرت و لە چوونەسەر کلاسەکانی دەرس خۆیان بوارد.

بەپێی دوایین هەواڵ و زانیارییەکان لە شارەکانی سەقز، مەریوان، دیواندەرە، جوانڕۆ، سایین‌قەڵا، سەوڵاوا، سەرپێڵی‌زەهاو، ڕوانسەر، ورمێ، سنە، شائاباد، کرماشان، ئیلام و چەندین شار و شارۆچکە و گوندی کوردستان مانگرتنی گشتی مامۆستایان بەڕێوە چوو.

ئەم مانگرتنە کە پاش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی شۆرای هاوکاری دامەزراوە فەرهەنگییەکانی ئێران دەستی پێکرد، لەبەرامبەر گرانی، هەڵاوسان، کەمبوونەوەی توانای کڕین لای مامۆستایان و بە خسووسی کردنی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، بەردەوامی گرتن و دەسبەسەری چالاکانی سینفی مامۆستایان و دابەزاندنی ئاستی کەیفی فێرکاری لە قوتابخانەکان هاتە ئاراوە.

ئەم مانگرتنە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە هێشتا یەک مانگ لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن تێنەپەڕیوە؛ هەروەها ئەم مانگرتنە سەرانسەرییە کە وەک پێشبینی بۆ دەکرا کوردستان لەویشدا هەر پێشەنگ بوو، لە دنیای مەجازیشدا دەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە و هەر لە یەکەم ساتەکانی دەسپێکییەوە وێنە و فیلمەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی بەرین بڵاو کراوەتەوە.

داواکاری سەرەکی مامۆستایانی مانگرتوو لە شارەکانی کوردستان وەک لە وێنە بڵاوبووەکاندا دەبیندرێ بەم چەشنەیە: خوێندنی بێ جیاوازی بەپێی ئەسڵی 30ی یاسای بنەڕەتی، نەهێشتنی دووچاوگی و هەڵاواردن لە پێکهاتەی سیستمی ئاموزشی، نەهێشتنی خسووسی‌سازی لە قوتابخانەکان، دابینکردنی ئەمنیەت و ستانداردکردنی قوتابخانەکان، دیاریکردنی بوودجەی وەک یەک بۆ بردنەسەری سەرانەی قوتابی لە راستای دابینکردنی فێرکاری بەشێوەی سەردەم و بەبێ دانی پارە بەتایبەت بۆ قوتابییانی ناوچە بێبەشکراوەکان، خوێندن بە زمانی زگماکی، نەهێشتنی قوتابخانەی ناستاندارد و کەپری.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا گرانی و بێکاری ژیانی بنەماڵەکانی لە ئێران و کوردستان بردووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە و هەر ئەم بارودۆخەش کاریگەری نیگەتیڤی لە سەر دەروون و جەستەی قوتابی و خوێندکاران داناوە؛ دابینکردنی کەرەستەکانی خوێندن بۆ منداڵان و لاوان و پارەی ناونووس کردنیان لە مەدرەسە بە ناو دەوڵەتییەکاندا گوشاری ماددی بۆ زۆربەی بنەماڵەکان هێناوە، بە جۆرێک کە بەشێکی بەرچاوی بنەماڵەکان ناچار بوون دەست لە خوێندن بە منداڵەکانیان هەڵبگرن کە بەداخەوە لەمبارەوە کچان پشکی سەرەوەتریان بەرکەوتووە .

پێویست بە وتنە جیاواز لە دابینکردنی جلوبەرگ و کەرەستەی خوێندن بۆ خوێندکاران لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە، زۆربەی پارەی دروست کردن و تەعمیرکردنی بینای مەدرەسەکان لە لایەن خەڵکەوە دەدرێت؛ داوا کردنی پەیتا پەیتای پوڵ لە لایەن بەرپرسانی مەدرەسەکانەوە، دابڕانی منداڵان لە خوێندن و دەیان ناهەنجاری و بێ‌نۆڕمی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە کە منداڵانی کار تەنیا یەکێک لەو دیاردانەیە .