کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامە

10:36 - 23 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: قوتابخانەی زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان و ئێران ئەمڕۆش هاوشێوەی ڕۆژی ڕابردوو شاهێدی مانگرتنی یەکگرتووانەی مامۆستایانی ناڕازی بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر هاوشێوەی ڕۆژی ڕابردوو مامۆستای بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکان لە شارەکانی کوردستان لە چوونە سەر کلاسەکانی دەرس خۆیان بوارد و داخوازە ڕەوا و سینفییەکانی خۆیان بۆ جارێکی تر هێنا گۆڕێ.

داخوازی سەرەکی مامۆستایانی مانگروتوو بریتییە لە ئازادکردنی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیان، کۆتایی هێنان بە گەڵاڵەی مامۆستای تەواووەخت، فێرکاری دادپەروەرانە و بە کەیفییەت و بەخۆڕایی، جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥ و ٣٠ لە یاسای بنەڕەتی، سەرنجدان بە فەزای ئامووزشی نێو قوتابخانەکان و نەهێشتنی هەڵاواردن، کۆتایی‌هێنان بە پڕۆژەی پەروەندەسازی بۆ مامۆستایان و سەرکووت کردنیان و هەروەها ئاوڕدانەوەی جیددی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان .

ئەمە دووهەم جارە کە مانگرتنی لەم شێوە بەڕێوە دەچێ؛ خولی یەکەمی مانگرتنی مامۆستایان مانگی ڕابردوو و لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر بەڕێوە چوو کە ئەو کاتیش مامۆستایانی کوردستان هەر پێشەنگ بوون و تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی مانگرتنەکە چەندین کەس لە مانگرتووان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کران و لێپرسینەوەیان لێکرا کە زەقترین نموونەی بانگهێشت و گیرانی مامۆستا ساڵح شەکەری مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز بوو کە دواتر بە شێوەی کاتی و بە دانانی وەسیقە ئازاد کرا.

بەپێی دوایین زانیارییەکان بەڕێوەچوونی مانگرتنی ئەمڕۆ سەرباری زاڵ‌کردنی کەشی پۆلیسی و تۆقاندن لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە بووە، بەڵام مامۆستایان بێ‌گوێدان بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژیم لەسەر بڕیاری خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن بەمجد و سوور بوون؛ تەنانەت لە هەندێ شوێنی کوردستاندا مامۆستایانی خانەنشینکراویش بۆ پشتیوانی لە هاوکارە مانگرتووەکانیان پەیوەست بە ڕیزی مانگرتووان بوون.