کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کامیۆندارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

12:54 - 5 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆنداران لە ئێراندا، کامیۆندارانی ڕۆژهەڵاتیش تێکەڵ بەو مانگرتنه بوون.

لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کامیۆندارانی ئێران بە ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر گرانبوونی سووتەمەنی و پێداویستییەکانی کامیۆنەکان و کەمیی کرێی گواستنەوەی بار، بە ڕاگرتنی کامیۆنەکانیان لەسەر ڕێگاکان مانیان گرتووە.

هەتا ئەمڕۆ کە پێنجەمین ڕۆژی ئەو مانگرتنەیە، زۆربەی کامیۆندارانی شارەکانی ئێران لە مانگرتن بەردەوامن و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ئەو مانگرتنە، شارەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەشداری ئەو مانگرتنە بوون.

 لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە و هەتا ئەمڕۆ (٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی)، کامیۆندارانی شاری ئیسلاماوا سەر بە پارێزگای کرماشان، شاری چەرداوڵ سەر بە پارێزگای ئیلام، شاری میاندواو  و تیکاب سەر بە پارێزگای ورمێ و دیواندەرە سەر بە پارێزگای سنه لە مانگرتن بەردەوامن.

لە چەندین گرتە ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، کامیۆندارانی شارستانی چەرداوڵ لە بنکەی پولیسی هاتووچۆی شەباب، بە ڕاگرتنی کامیۆنەکانیان، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە، هەروەها لە شارستانی ئیسلاماوای پارێزگای کرماشان، بە داخستنی ڕێگەی کرماشان-ئیسلاماوا، درێژەیان بە مانگرتنەکە داوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پۆلیس بە هێرش بۆ سەر مانگرتووانی ئیسلاماوا، بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەیان دەستی بە ‌هەڕەشەکردن و لێدانی خاوەن کامیۆنەکان کردووە، کە پولیس لەگەڵ بەرگریی خەڵک بەرەوڕوو بووە و کامیۆندارەکان سەرەڕای هەڕەشەکان درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.

هەروەها لە شارستانی میاندواوی پارێزگای ورمێ، خاوەن کامیۆنەکان بە ڕاگرتنی کامیۆنەکانیان لەسەر شەقامەکان، چوونەتە ڕیزی مانگرتنی سەرتاسەریی ئێران و ڕۆژهەڵاتەوە.

بەگشتی لەم پێنج ڕۆژەدا، جیا لە شارەکانی کوردستان، شارەکانی تەورێز، کرمان، کەرەج، مەلەکان سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، لە مانگرتن بەردەوامن و لە هەندێک شوێنیشدا لەگەڵ هێرشی پولیس بەرەوڕوو بوونەتەوە.

چینە جیاوازەکانی ئێران، بە هۆی نالەباربوونی ژیان، قەیرانی ئابووری و کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، لە ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستە چەندین جارە بە مانگرتن و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.