کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کامیۆندارانی ئێران درێژەی هەیە

11:09 - 15 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆندارانی ئێرانی، لە ٥٠ شاری ئێراندا بەردەوامە.

ئەم مانگرتنە کە چوارەمین خولی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی کامیۆندارانە، کە ڕاست لە بەرەبەری وەگەڕخرانەوەی فەرمیی گەمارۆوەکانی ئامریکا، بۆ سەر کەرتی نەوت و گواستنەوەی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کردووە، بەشێکی بەرچاو لەو گەمارۆوانەیە کە نەک تەنیا دەوڵەت، بەڵکوو بەتەواوەتی پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ قەیران و بنبەست بەرەوڕوو دەکات، ئەمە لە حاڵێکیشدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیم توانایی و هەروەها ئامرازی بەرەنگاریی بۆ کەمکردنەوەی ئەم گەمارۆوانەیان نییە.

گرانبوونی تایەی و پێداویستیی کامیۆنەکان، نرخی کرێی گواستنەوەی بارەکان، نائەمنیی ڕێگاوبانەکان و بەرتیلگرتنی پولیسی هاتووچۆ لە شۆفێرەکان، کێشەی سەرەکیی کامیۆندارانە، کە لە کاتی مانگرتنەکانی خولی پێشوو، لە لایەن بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕێژیمەوە بەڵێنیی چارەسەرییان دراوە، بەڵام هەتا ئێستە هیچ هەنگاوێکیان لەو پێوەندییە هەڵنەگرتووە.

لەم پێوەندییەدا، سەندیکای "وێردی" گەورەترین سەندیکای کرێکارانی ئاڵمان، ڕۆژی شەممە، ٣ی نوامبر، بەرانبەر بە ١٢ی خەزەڵوەر، بە دژی حوکمی شۆفێر کامیۆنەکانی مەحکووم بە ئێعدام، ناڕەزایەتی دەربڕی.

ڕۆژنامەی "بێڵد"یش لەم بارەوە نووسیویەتی: "ئێران کە خۆی لە ئەندامانی دامەزرێنەری ڕێکخراوی جیهانیی کار "ILO"ــیە، بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی یەکیەتییەکانی سەندیکا جیهانییەکان، یەکێک لە دە وڵاتی مەترسیدار بۆ کرێکارانە.

ڕێژیمی ئێران کە لە هەموو لایەکەوە گوشار کەوتووەتە سەری، لەبەر ناتوانیی لە چارەسەریی کێشەکانی خەڵک لە ڕابردوو بەگشتی و ئێستە بەتایبەتی، هەمیشە دەستی بۆ سیاسەتگەلێ بردووە، کە نە تەنیا کێشەکانیان چارسەر نەکردووە، بەڵکوو چەند قاتیشیان کردووە.