کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کوردستان دەبێتە سەرباشقە بۆ هەموو ئێران

11:32 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی ئێعترازی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و دەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی، چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا داوایان کردووە هەموو سنفەکان بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان و گوشارهێنان بۆ سەر دەسەڵاتی ناوەندی، مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی کوردستان بکەنە سەرباشقە و ئۆلگووی خەباتی خۆیان دژ بە ڕێژیمی تاران.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و بۆ چەندەمین جار کامیۆندارانی چەندین شاری ئێران و بەشێک لە شارەکانی کوردستان لەهەمبەر گرانی پێداویستیی کامیۆنەکانیان و گرانی و نزم‌بوونی کوالێتی لاستیک، زیادبوونی نرخی بیمە، عەورازی ئۆتووبانەکان، تێچووی زۆری چاککردنەوەی کامیۆنەکان و گرانیی کەلوپەلەکانی کامیۆن و گرانی سووتەمەنی و هەرزانبوونی بار بە ڕاگرتنی کامیۆنەکانیان لە قەراخی ڕێگاکان و هەڵنەگرتنی بار و ڕێکردن لە ڕێگاکان بە بوقلێدان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.

هاوکات لە چەندین شوێنی دیکەی ئێرانیشدا و لەدرێژەی مانگرتن و ئێعتراز دەربڕینەکانی چەند مانگی ڕابردوو، کرێکاران و ماڵخوراوانی دامەزراوە بانکییەکان، خوێندکاران و پەرەستار و مامۆستایان و بەگشتی چین و توێژە جیاجیاکان لەهەمبەر دۆخی نەشیاوی ژیانیان ئێعترازییان دەربڕی.

لەم پێوەندییەدا بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئێران و یەک لەوان "حیشمەتوڵا تەبەرزەدی" سکرتێری بەرەی دێموکراتیکی ئێران، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو و بانگەواز داوایان کردووە کە گەلانی ئێران بۆ بەچۆکداهینانی ڕێژیم و وەک شێوازێکی سەرکەوتووی خەباتی مەدەنی، هاوشێوەی شارەکانی کوردستان کە لەهەمبەر سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی ریژیم مانیان گرت و دووکان و بازاڕەکانیان داخست، مان بگرن و لە ڕۆژێکی دیاریکراودا مانگرتنێکی سەرانسەری لە هەموو ئێراندا وەڕێ بخەن و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست "نا" بڵێن بە کۆماری ئیسلامی.

لە ٢١ی خەرماناندا گەلی کورد بە هاوئاهەنگی و یەکدەست دژ بە سیاسەتە فاشیستی و ئاپارتایدییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد وڵامی ئەرێنییان بە بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دا و یەکهەڵوێست "نا"یان وت بە سەرکووتکاری و کاولکاری و دوژمنکارییەکانی ڕێژیمی تاران کە وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن: "ئەم ڕۆژە لەو ڕووەوە گرینگە کە دەریخست کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان و هەڵسووڕاوانی دیاری ناوخۆ و دەرەوە، هەر هەموو لەسەر یەک تەوەر کۆک و هاودەنگن کە ئەویش داسەپاوبوونی دەسەڵاتی تاران بەسەر کوردستان بوو".

هەروەها دەرکەوت کە دەزگای پرۆپاگاندەی ڕێژیم بەو هەموو تێچووەوە کە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی داویە، سەرکەوتوو نەبووە لەوەیکە شەقڵێک بخاتە ناو ڕیزەکانی خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان. کوردستان لە یەکێک لە میلیتاریزەترین ڕۆژەکانیدا، بێ ئەوەی هیچ سندووقێکی گشتپرسی دابنرێت، بۆ دووهەم جار، لە دوای ١٢ی خاکەلێوەی پەنجاوهەشت "نا"یەکی گەورەی بە رێژیم وت و سەلماندی کە سوورە لەسەر ئەو بڕیارەی لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ داویەتی.

ئەمە لەخۆیدا گەڕاندنەوەی شکۆیەکی گەورە بوو بۆ نەتەوەی کورد و هەروەها پەیڤێکی ڕوون بوو ڕوو لەوانەی کە ئامادەن لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر، هەوڵ بۆ لابردنی سێبەری فاشیزم بەسەر پێکهاتەکانی ناو جو‌غرافیای ئێران بدەن.