کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کوردستان ئەمنیەتی ڕێژیمی تێک داوە

14:31 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: حەماسەی ٢١ی خەرمانانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جمگە بەناو ئەمنیەتییەکانی رێژیمی تووشی قەیران کردووە و ڕێژیمی ناچار کرد کە دژکردەوە نیشان بدەن.

سەرۆکی کۆمیتەی بەناو ئەمنیەتی کۆمیسیۆنی ئەمنیەت و سیاسەتی دەرەکی مەجلیسی ڕێژیم وێڕای ڕەدکردنەوەی هەواڵی پێوەندیدار بە بوونی "نائەمنی" لە کوردستان وتوویەتی: ئەو مانگرتنەی کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستاندا بەڕێوە چوو، تەنیا کۆبوونەوە و مانگرتنی "سینفی" بوون کە سەرقاڵی چارەسەر کردنی ئەو گرفتەین!

"وەلیۆڵا نانواکەناری" وێڕای چەواشەکردنی ڕاستییەکان و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکانی کوردستان هەوڵی داوە وەها پیشان بدات کە ئەم ڕووداوانە تەنیا لە پارێزگای سنەدا بووە و تەنیا هەندێک ویست و داواکاری سێنفی بووە و جێگەی نیگەرانی نییە!

وتوویشیەتی: هەنووکە ئارامی باڵی بەسەر ئەم پارێزگایەدا کێشاوە و بەرپرسان و نوێنەران سەرقاڵی تاوتوێ کردنی کێشە و داواکاری ناڕازییانن.

ئەم لێدوانە پڕ لە چەواشە و دوور لە ڕاستییانەی نانواکەناری هاوکاتن لەگەڵ لادانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمنیەتی و ئیجرایی لە شارەکانی کوردستان لە پاش مانگرتنی گەلی کورد لە ٢١ی خەرمانان.

ئەم لێپرسراوەی ڕێژیم لە کاتێکدا باس لە بوونی ئەمنیەتی پووشاڵی و درۆیین لە کوردستان دەکات کە گەلی کورد پاش ئێعدامی ٣ هاووڵاتی کورد و مووشەکبارانی ترسنۆکانەی ڕێژیم لەدژی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، بەپیری بانگەوازی حیزبەکانی کوردستانەوە هاتن و بەوپەڕی ئیرادەوە "نا"یەکی قورس و قایمیان بە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی دایەوە و سەلماندیان کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا هیچ پێگەیەکی نییە.