کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی سپای پاسداران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، بەڕێوە دەچێ

17:56 - 11 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران،  رۆژی ١٢ی رەزبەری ١٣٩٧ مانۆڕێکی بەرفراوان لە کوردستان بەڕێوە دەبات کە لەو مانۆڕەدا هێزی سپا و بەسیج و بەکرێگیراوی زۆر و چەکوچۆڵێکی قورسی زۆری بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی قارەمانی کوردستان بەکار دەبا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی تاران، لە رۆژی ١٢ی رەزبەردا دەست دەدا بە مانۆڕێکی بەرفراوان کە زۆربەی لە شارەکانی کوردستان و لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە و کرماشان و ئیلام بەڕیوەی دەبا.

بە پێی زانیارییەکان، لەو مانۆڕەدا سپای پاسداران بە نمایشی هێزی نیزامی و کۆبوونەوەی فراوانی پاسدار و بەسیج و بەکرێگیراوەکان و هەروەها بە گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس لە شارەکانی کوردستان و بەبەرچاوی خەڵکەوە، دەیەوێ بە قەولی خۆیان نمایشی "ئێقتدار" یان لە راستیدا بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک بەڕێوە ببا.

بە گوێرەی هەواڵ و راپۆرتەکان، سپای پاسداران وێڕای نمایشی هێز و چەکو چۆڵ رەنگە تۆپباران و کاری ترۆریستی لە کوردستان بە ناوی مانۆڕەوە بەڕێوە ببا و ژیانی خەڵک و ژینگەی کوردستان بۆ نمایشی سوپا بخاتە مەترسییەوە.

بە پێی زانیارییەکان کە لە نێو خودی دامودەزگاکانی رێژیمەوە گەیشتوون، وێڕای هەوڵ و پەلەقاژەی زۆری ڕێژیم بۆ فراوانکردنی تۆڕی بەسیج دروستکردن و بەکرێگیراو سازکردن، ترسێکی زۆریان لە راپەڕین و هەستانەوەی خەڵک، بەتایبەت لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکاندا هەیە و ئەم مانۆڕە سەربازی و گواستنەوەی چەکوچۆڵەیەان بۆ شاردنەوەی ترسی ڕێژیم و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە داهاتووی رووخانی ڕێژیمە.

لە کردەوە و سیاسەتەکانی پێشووی ڕێژیمدا ئەوە ئەزموون کراوە کە لە وەها مانۆڕ و نمایشێکدا، بیهەوێ زەربەی ناکاو لە خەڵک و تێکۆشەرانی سیاسی بوەشێنێ و بەقەولی خۆیان مەترسییەکانی سەر نیزامەکەیان کەم بکەنەوە.