کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی مووشەکیی هەوانیرووز، لە گەرووی کنشتی کرماشان

12:01 - 21 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، لە ڕۆژهەڵات دەستیان کردووە بە مانۆڕی نیزامی بۆ تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدا.

هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، بەتایبەت سپای پاسداران، بە بیانووی مانۆڕ و پاراستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران، چەند ڕۆژێکە کە هێزی نیزامی و چەکوچۆڵی قورس ڕەوانەی شارەکانی ڕۆژهەڵات دەکەن.

لە پارێزگای کرماشان بە وتەی خەڵک چەند ڕۆژیکە کە فڕۆکەی شەڕکەر لە ئاسمانی ئەو شارە دەسۆڕێن، کە لە ناوەندی ئێرانەوە بەرەو کرماشان ڕەوانە کراون، و سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، مانۆڕێکی مووشەکی لە گەرووی کنشتی کرماشان بەڕێوە چووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، هەوانیرووزی کرماشان، مانۆڕێکی ٦ کاتژمێری لە ناوچەی گەرووی کنشتی کرماشان، کە چەند کیلومێترێک لە شار دوورە بەڕێوە بردووە و بە وتەی ئازادیفەڕ، فەرماندەی هەوانیرووزی ڕێژیم لە کرماشان، چەندین جۆرە مووشەکیان تاقی کردووەتەوە.

ئەم مانۆڕە لە حاڵێکدایە، کە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە حاڵی ئامادەکاریی مانۆڕی نیزامی لە هەموو پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتە و هەر ڕۆژەوە لە شارێک بەڕێوەیان دەبات و بەو بیانوویە، هێزێکی نیزامی زۆر ڕەوانەی کوردستان کراوە و ڕێژیم هەر بەردەوامە لە گواستنەوەی چەکی قورس بۆ کوردستان.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەو جموجووڵە نیزامییانەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هێرشی مووشەکی کردە سەر کەمپەکانی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و بە بەردەوامی هەڕەشە لە هێزە شوڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات دەکات.

سەرەڕای ترس لە هێزە دژبەرەکانی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش دوای هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر حیزبی دێموکرات و لەسێدارەدانی سێ چالاکی سیاسی، بڕیاریان داوە بە دژی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم و پاڵپشتی لە خەباتی کوردستان، ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، مانگرتنی گشتی بەڕیوە ببەن، ڕێژیمیش ئەو مانۆڕانە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی بەڕێوە دەبات.