کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی نیزامیی سپای پاسداران نیشانەی ترسی ڕێژیمە

11:57 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ هاتنی ناوی فڕۆکەهەڵگری ئامریکا بۆ ئاوەکانی کەنداو، سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ترسدا مانۆڕێکی نیزامیی بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، سپای پاسدارانی ڕێژیم، هاوکات لەگەڵ هاتنی ناوی فڕۆکەهەڵگری ئامریکایی بۆ ئاوەکانی  کەنداو، لە ئاوەکانی کەنداو و نزیک لە قشم، دەستی بە ئەنجامدانی مانۆڕێکی نیزامی بە ناوی "پەیامبەری ئەعزەمی ١٢"  کردووە، کە نێوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١ی بەفرانبار، کۆتایی پێ هات.

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران،  لە بارەی ئەم مانۆڕە وتوویەتی: "بنەما و ستراتیژیی سەرەکیی ئێمە بەرگرییە، بەڵام لە ئاستی عەمڵیاتی و تاکتیکدا هێرشبەرانەیە".

ئەم مانۆڕە لە حاڵێکدا بەڕێوە چووە، کە شەش مانگ پێشیش، هێزە دەریایییەکانی سپای پاسداران لە کەنداودا مانۆڕی نیزامییان بەڕێوە بردبوو.

لەم مانۆڕدا، کە مەلەوانەکانی سەر بە سپا بە شێوەی شیمانەیی هێرشیان بۆ دوورگەکان دەبرد، ئەوەی ئاشکرا دەکرد کە ئامانج لەم مانۆڕە: "داگیرکردنی بەشە گرنگەکانی وڵاتی هێرشبەر و دەسبەسەرداگرتنی دامەزراوە و شوێنە ستراتیژییەکانی دوژمن وەکوو بەندەر، کەنارەکان و دامەزراوە ئابوورییەکانـ"ـە.

هاتنی ناوی فڕکەوهەڵگری ئامریکا بۆ ئاوەکانی کەنداو و دوابەدوای ئەوە بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامیی سپای پاسداران، هاوکات لەگەڵ فەرمانی دانڵد ترامپ بۆ هاتنەدەرەوەی ٧ هەزار سەربازی ئامریکایی لە ئەفغانستان و فەرماندان بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، بۆ خۆ ئامادەکردن بە مەبەستی هاتنەدەرەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان بوو.

هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا، لە ئەفغانستان و ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها هاتنی ناوی فڕۆکەهەڵگری ئامریکا بۆ ئاوەکانی کەنداو، کە مانۆڕی نیزامیی سپای بە دواوە بووە، ئەو مەترسییەی لە لای بەرپرسانی ڕێژیم دروست کردووە، کە ئەگەری هەیە ئامریکا بەرنامەی هێرشی نیزامیی بۆ سەر ڕێژیم هەبێت.