کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕەکانی ڕێژیم لە کوردستان درێژەی هەیە

11:57 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبەن و هاوکات چەکوچۆڵی نوێش ڕونوێنی دەکەن.

کاربەدەستانی نیزامی و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ترس و تۆقاندنی خەڵک ماوە بە ماوە لە شارەکانی کوردستان مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبەن و هەڕەشە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکەن کە چالاکیی ئەو حیزبانە بۆ ئێمە قەبووڵ ناکرێت و بە توندترین شێوە وڵامیان دەدەینەوە.

لەو پێوەندییەدا، پاسدار "محەممەد حوسێن ڕەجەبی" یەکێک لە کاربەدەستانی تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان باسی لەوە کردووە مانۆڕێکی گەورەی سپا لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت.

هاوکات ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە جوره مووشەکێکی دیکەی بە ناوی "بینا" تاقی کردووەتەوە.

هاوکات چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، هەوانیرووزی کرماشان، مانۆڕێکی ٦ کاتژمێری لە ناوچەی گەرووی کنشتی کرماشان، کە چەند کیلومێترێک لە شار دوورە بەڕێوە بردووە و بە وتەی ئازادیفەڕ، فەرماندەی هەوانیرووزی ڕێژیم لە کرماشان، چەندین جۆرە مووشەکیان تاقی کردووەتەوە.

ئەم مانۆڕانه لە حاڵێکدان، کە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە حاڵی ئامادەکاریی مانۆڕی نیزامی لە هەموو پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتە و هەر ڕۆژەوە لە شارێک بەڕێوەیان دەبات و بەو بیانوویە، هێزێکی نیزامی زۆر ڕەوانەی کوردستان کراوە و ڕێژیم هەر بەردەوامە لە گواستنەوەی چەکی قورس بۆ کوردستان.

هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، بەتایبەت سپای پاسداران، بە بیانووی مانۆڕ و پاراستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران، هێزی نیزامی و چەکوچۆڵی قورس ڕەوانەی شارەکانی ڕۆژهەڵات دەکەن.