کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانەوەی کەشتییەکانی ئێران لە لەنگەرگاکانی دەرەوە قەدەغە کرا

17:31 - 19 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی کۆڕی کەشتیڕانی و خزمەتگوزاییە پێوەندیدارەکان ڕایگەیاندووە: کە پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا، ژمارەیەکی زۆر لە لەنگەرگاکانی دەرەوە، مانەوەی کەشتییەکانی ئێرانیان قەدەغە کردووە.

مەسعوود پۆلمێهـ ، بەرپرسی کۆڕی کەشتیڕانی و خزمەتگوزاییە پێوەندیدارەکان، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێگەنەدان بۆ چوونەژوورەوەی کەشتییەکانی ئێران بۆ نێو لەنگەرگاکانی دەرەوە، جەختی کردەوە، کە هێندێ لەم لەنگەرگایانە سەر بە وڵاتانی "دۆست و برادەر"ن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "لەو کاتەوە کە ئامریکا لە بەرجام هاتووەتە دەرەوە، ٢٠ کۆمپانیای هاتووچۆی دەریایی، لەنگەرگاکانی ئێرانیان بە‌جێ هێشتووە و ئەو لیستەی کە لە خولی پێشووی گەمارۆوەکان دژ به پیشەی دەریاییی ئێران هەبوو، دیسان هاتووەتە گۆڕێ  که ناوی کەسانێکی هەقێقی و حقووقی لە بیاڤی لەنگەری و دەریایی تێدا بەدی دەکرێت".

بە وتەی بەرپرسی ئەم کۆڕە، بە هۆی کێشەی گەمارۆوەکان و بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی ئەرز، نزیک به ٤٠ لەسەدی کرێکارانی لەنگەر و دەریا کەم بووەتەوە.

ڕێگەنەدان بە مانەوەی کەشتییە ئیرانییەکان دوا بە دوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە، کە ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوە پێوەندیدارەکانی ئەم ڕێژیمه بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا کەوتوونەتە ژێر گوشاری ئابوورییەوە و هاتنەدەرەوەی زیاتر لە ٢٠ کۆمپانیای هاتووچۆی دەریایی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووریی کەرتی دەریایی ئێران هەیە و بێکاربوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی ئەم بەشەی بە دواوە بووە.