کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماوەی کاریی مامۆستایانی ئێران زیاد کرا

12:14 - 28 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پاش مانگرتنی مامۆستایانی ئێران، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی ئاوڕدانەوە لە کێشەکانیان، کاتژمێری کارییان بۆ زیاد کردوون.

عەلی ئەڵڵایارتورکمەن، جێگری پەرەپێدانی بەڕێوەبەری و پشتیوانیی پەروەردەیی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی فارسدا باسی لەوە کردووە، کە گەڵاڵەی "مامۆستایانی تەواو وەخت" هەتا چەند ڕۆژی دیکە ڕادەگەیەنرێت.

بەپێی ئەم گەڵاڵەیە کە بڕیارە لە سەرەتاکانی خەزەڵوەردا ڕابگەیەنرێت، مامۆستایان دەبێت لە حەوتوودا ٦ کاتژمێر زیاتر کار بکەن و لە هەمبەردا ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایان، چەند ڕۆژی پێش، بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیەی بە نادادپەروەرییەک لە قەڵەم دا، کە ئاستی چۆنیەتیی فێرکاری دادەبەزێنێت.

ئەم ماوە کارییە کە زیاد کراوە، پێشتر بە کار و خزمەتی مامۆستایانی "حەقولتەدریسی" جێبەجێ دەکرا، کە بە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە ئەگەری بێکاربوونی ئەم چینە لە ئارادایە.

وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە ڕایگەیاندووە، بۆ ساڵی داهاتوو لەگەڵ کەمیی٧٠   هەزار مامۆستا بەرەوڕوون، بەڵام بەوەشەوە لە دامەزراندن و ڕەسمیکردنی مامۆستایانی گرێبەستی خۆ دەبوێرێت.

مامۆستایان لە ٢٢ و ٢٣ی خەرمانان، لە هەمبەر دۆخی بژێوی ژیانیان و هەروەها نزمبوونی ئاستی پەروەردەیی لە ئێراندا مانگرتنێکی سەرتاسەرییان ڕێک خست.

لە هەمبەر ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە هێشتا بەرپرسانی کەرتی پەروەردەی ڕێژیم، لەم پێوەندییەدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیان هەڵ نەهێناوە، تەنیا کارێک کە کردوویانە ئەوەیە کە ماوەی کاریی مامۆستایانیان زیاد کردووە و لە سەفەرێکیشدا کە چەند ڕۆژ دوای ئەم مانگرتنە، وەزیری پەروەردەی ڕێژیم بۆ شاری قوم کردووەیەتی، بەڵێنی بە ئاخوندە بەرچاو و سەرچاوە مەزهەبییەکانی ئەو شارەی داوە، کە پشکی ئاخوندەکان لە زانکۆی فەرهەنگیان و پەروەردە زیاتر بکات.