کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماکرۆن: دەبێت سیاسەتێکی توندتر دژ بە کردەوەکانی ئێران بگرینەبەر

17:13 - 21 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری فەرانسە لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند، دەبێت سیاسەتێکی توندتر دژ بە کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر تیرۆرکردنی دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بگرینەبەر.

ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەرانسە ڕۆژی هەینی لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە دەبێت سیاسەتێکی توندتر لە هەمبەر کردەوە تیرۆریستییەکانی ئێران بۆ کوشتن و سڕینەوەی دژبەران و ناڕازییانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە بگرینە پێش و وەکوو نموونە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ڕێژیمە لە ڕێگای کردەویەکی تیرۆریستییەوە ڕۆژی ۹ی پووشپەر بەرانبەر بە ۳۰ی ژووئەن، ویستی کۆبوونەوەیەکی دژبەرانی خۆی لە شاری پاریس بکاتە ئامانج.

ماکرۆن لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە کاربەدەستانی ئێران کرد کە لە سەر هێرشە ناسەرکەوتووانەکەی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر کۆنفرانسی ساڵانەی دژبەرانی خۆی لە شاری پاریس دەبێت ڕوونکردنەوە بدات و وتی: "پاش ئەو ڕووداوە، لە دوو جار وتووێژدا لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی تاکوو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەمبارەوە نەداوە".

سەرکۆماری فەرانسە لە کۆتایی قسەکانیدا وێڕای جەختی دووبارە لەسەر گرتنەبەری سیاسەتێکی توندوتۆڵتر بەرامبەر بە ئێران ڕایگەیاندووە، لەبەرامبەر کاربەدەستانی ئێران کەمکاری ناکەین و ئەم کردەوانەی ئێران بە بابەتێکی ئاسان و ساکار نازانین.