کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\'\'ماڵ و کلیل\'\' خەڵاتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گیرۆنای ئیسپانیای بەدەست هێنا

15:21 - 29 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: کورتە فیلمی ماڵ و کلیل لە دەرهێنانی شوان عەتووف خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گیرۆنای لە وڵاتی ئیسپانیا مسۆگەر کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە راگەیەنراوی ئای لۆف فیلم، کورتە فیلمی چیرۆکی \'\'ماڵ و کلیل\'\' (Home & Key) لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شوان عەتووف و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمی \'\'بەهرە نوێیەکان\'\'ی ٢٦ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گیرۆنا\'\' لە وڵاتی ئیسپانیا نمایش کرا و لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم بە دەرهێنەری فیلمەکەی پێ بەخشرا.

کورتە فیلمی کوردیی \'\'ماڵ و کلیل\'\' بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە لەگەڵ ٤١ فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانەوە وەکوو پۆڵەند، بلژیک، ئاڵمان، ئیسپانیا، فەڕانسە، رۆمانی، کولومبیا، ئەمریکا، شیلی، سویس، ئیتاڵیا، مالیزی، ئاراژەنتین، بریتانیا، ئوستورالیا، کانادا، کۆزۆڤۆ، مەکزیک، بڕازیل، نوروێژ، ئیرلەند، دانیمارک، یوونان، کۆماری چێک، سێربستان، لۆکزامبۆرگ، کاتالۆن و چەندین وڵاتی دیکە لە رکابەریدا بوو.

ئەم فیستیڤاڵە لە چەندین بەشی پێشبڕکێ، لەوانە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی فیلمە بڵندەکان، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی بەهرە نوێیەکان، بەشی پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی گیرۆنا و بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێ، رێکەوتی ٢٤ هەتا ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری گیرۆنا لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

\'\'ماڵ و کلیل\'\' ماوەکەی ١٥ خولەکە و باسی ژیانی کەسێکی کورد دەکات و لەناو گێژاو و کارەساتەکانی کوردەوە، ژیان و مردنی خێزانەکەی بەرجەستە دەکات.

ئەم فیلمە کوردییە هەتا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداری کردووە، لەوانە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ١٤ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ماڵی هونەریی ڤیدیۆیی ئۆاهم IVAHM \'\' لە شاری مەدرید لە وڵاتی ئیسپانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئێست East \'\' لە شاری لەندەن لە وڵاتی بریتانیا.