کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە درێژەی دەبێت

11:15 - 18 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە، ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە درێژەی دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بلومبۆریگ"، مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ۱۷ی بەفرانبار، ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی خۆی لە وڵاتی سووریە، کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕێژیمی ئێران ناهێنێت و پێبەند دەبێت بە دەرکردنی ئەو ڕێژیمە و دەست و پێوەندییەکانی لەو وڵاتە، هەروەها ستراتیژییەکی بەرین و بەربڵاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیم لە سەرانسەری ناوچەکەدا پێڕەو بکات.

مایک پۆمپێئۆ، لە درێژەی قسەکانیدا جارێکی تر جەختی لە سەر درێژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕێژیمی ئێران کردەوە و ڕایگەیاند؛ کەمپەینی دژی ڕێژیمی ئێران هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، ئەو کەمپەینە هۆکارگەلێکی کاریگەری زۆری هەیە و بڕێک لەو هۆکارانەش ڕوون و ئاشکرایە.

ناوبراو لە بەشێکی تر لە قسەکانی وتی: "گەمارۆ نەوتی و بانکییەکان وەکوو نموونەیه و هەوڵە دیپلۆماتیکەکان درێژەیان هەیە تاکوو گوشار بکەوێتە سەر وڵاتانی ئورووپایی و ئەوانیش هێندێک لە پیلانە تیرۆریستییە پووچەڵکراوەکانی ڕێژیمی ئێران بە جیددی وەربگرن".

لە سەر قسەکانی وەرزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عەلی شەمخانی، سکرتێری شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە وتارێکی چەواشەکارانەدا ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران هیچ هێزێکی لە ناوچەکە، بەتایبەت لە وڵاتی سووریەدا نییە تاکوو بیهەوێت بیانکێشێتە دەرەوە.