کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"محەممەد نەزەری" نامەیەکی بڵاو کردەوە

12:43 - 31 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: "محەممەد نەزەری"، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا، ڕوو لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ نامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو نامەیە کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ. 

دوای چەند جار داواکاری بۆ بەدواداچوونی دادڕەسی، دیوانی باڵای وڵات لەگەڵ داواکاریی من دژایەتیی دربڕیوە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە: ''محەممەد نەزەری بەپێی ماددەی ١٨٦ی یاسای سزادانی ئیسلامی وەک "مفسد فی الارض" دەناسرێت، بۆیە یاسای نوێ ئەو کەسە ناگرێتەوە".

دادگای مەهاباد لەگەڵ ئازادیی ناوبراو ڕەزایەتیی دەربڕیوە، بەڵام کۆمیسیۆنی لێبووردنی دەزگای قەزایی دژایەتیی خۆی لەگەڵ دربڕیوە و ڕایگەیاندووە "نەزەری" سەلاحییەتی لێبووردنی نییە.

بەرپرسانی بێهداریی زیندانیش پێش بە من دەگرن کە سەردانی نەخۆشخانە بکەم، ئەوەش سەرەڕای ئەوەیە ئەمن دیسکی ملم هەیە.

ئەوە چەند حاڵەتە لەو دەیان حاڵەتەیە کە بەداخەوە بەرپرسان بەپێی یاسای خۆیان منی لێ بێبەری دەکەن، بەڵام بابەتێک کە دەبێ سەرنجی بخرێتە سەر ئەوەیە دوای ٢٥ ساڵ هەتا ئیستاش بەرپرسان لەگەڵ ئازادیی من دژایەتی دەکەن. لە کاتێکدا من لە کاتی دەسبەسەرکراندا نە چەکدار بوومە و نە شەڕی چەکداریم کردووە.

کەسانێک کە بنەماڵەی من دەناسن، هۆکاری هەموو ئەو دژایەیەتییە بۆ شیعە مەزهەب بوون و بنەماڵەی شەهیدی من دەگەڕێننەوە. لە ڕوانگەی حکوومەتدارانەوە ئەگەر کەسێکی شیعە مەزهەب لە حیزبێکی سوننە مەزهەب و کوردزمان پشتیوانی بکات، شایانی لێخۆشبوون نییە.

ئەو بابەتە پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچاوانی ئیدعاکارانی ئیسلامی نابی محەممەدی و حکوومەتی عەدڵی عەلی و دژی هەموو دروشمەکانی برایەتیی شیعە و سوننەیە. حکوومەتداران دژی ئایین و دین کار دەکەن و سەرجەم بەها مرۆییەکان دەخەنە ژێر پێی خۆیانەوە و دژبەران بە ناوی خودا و قورعان سزا دەدەن.

ئێستاش داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم هەتا بە هەواری منەوە بێن. زیندانییانی وەک من کە تەنیا تاوانیان داکۆکی لە دیاریکردنی مافی چارەنووس و هەوڵدان بۆ ژیانی ئاسوودە لە تەنیشت هەموو نەتەوەکانی دیکەیە.

محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵڵا
زیندانیی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ