کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مریشک بەردەوام گران بووە

17:46 - 3 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: نرخی هەر کیلۆ مریشک کە لە ئێراندا بە یەکێک لە خواردنە ئەساسییەکان دەژمێردرێ، لە ١٤ هەزار تمەن تێپەڕیوە و پێشبینی دەکرێت مریشک لە سفرەی هاووڵاتییاندا نەمێنێت.

مێهدی یووسف‌خانی سەرۆکی یەکیەتی فرۆشیارانی پەلەوەر و ماسی ڕایگەیاندووە: ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار نرخی هەر کیلۆ مریشکی پاک‌کراو بەهۆی کەمبوونەوەی ٤٠%ی بەرهەمهێنانی مریشک، گرانبوونی نرخی جووجەڵە و هاتنی نەخۆشی نیوکاسێل، گەیشتە ١٤ هەزار و ٣٠٠ تمەن.

نرخی مریشک لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا گەیشتە ٩ هەزار و ٨٩٣ تمەن کە بەبەراورد لەگەڵ مانگی پووشپەڕ ٢٨/٧% گرانتر ببوو؛ بەم پێیەش نرخی مریشک لە ئێستەدا بەبەراورد لەگەڵ هاوینی ئەمساڵ زیاتر لە ٤٠% گرانتر بووە.

ئەم بارودۆخە وایکردووە کە ئەگەری نەمانی مریشکیش هاوشێوەی گۆشتی سوور و ماسی لە سفرەی هاووڵاتییان لە ئارادا بێت؛ پێشتر چالاکانی ئابووری و بازاڕییان هۆشدارییان دابوو کە سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکانی ڕێژیم دەبێتە هۆی گرانتربوونی نرخی خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەتایی و ئەساسییەکانی ژیانی هاووڵاتییان.