کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مریشک ڕێکۆردی شکاند

11:44 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: گرانیی کەلوپەل و نرخی خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستاندا ڕووی لە هەڵکشانە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش هیچ  پلانێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی نییە.

دوای چەند ڕۆژ لە پەسندکراوی ستادی تەنزیمی بازاڕ بۆ دیاریکردنی نرخی مریشک بە ١٢ هەزار و ٩٠٠ تمەن، لە ئێستادا نرخی مریشک لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ هەتا  ١٨ هەزار تمەنە.

سەرەڕای گرانیی نرخی مریشک، هەر ئێستا لە چەند پارێزگای ئێراندا، گۆشتی مریشک دەست ناکەوێت.

لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتوودا، نرخی گۆشت لە بازاڕدا هەڵکشانێکی زۆری بە خۆیەوە دیوە و ئێستاش نرخی دیاریکراوی نییە.

دابەزینی دەستکرد و دەستووریی بەهای دۆلاری ئامریکا لە بەرانبەر تمەنی ئێرانیدا، فێڵێکی ڕێژیمە بۆ بڕینی گیرفانی خەڵک، چونکە ئەو دابەزینە هەتا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەرزانبوونەوەی نرخی خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ژیان نەبووه و بەپێچەوانەوە بەردەوام نرخی کاڵاکان بەرەو هەڵکشان دەچێت و بێکاریش هەر پەرە دەستێنێت .

گرانبوونی سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک، وەک: "نان، شیرەمەنی، قەند و چا"، کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە. ئەو کێشانەش لە جیاتیی چارەسەرکردنیان تەنیا لە نێوان وادە و بەڵێنیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا هەڵاوسراو ماونەتەوە.

بەڕێوەبەریی و سیاسەتداڕێژیی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، نرخی دەوا و دەرمان، گەمارۆوە ئابوورییەکان و کێشەگەلی دیکە، بووەتە هۆی گرانی لە ئێران و کوردستاندا.