کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئامەریكا خەریكە ئێران لاواز دەكات، ئەوەش خاڵێكی گرنگە بۆ ئێمە

01:04 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکرات لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "پەرەگراف" باسی لە سیاسەتەکانی ئامریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و نەخشی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرد و ئاوڕی لە هەندێک بابەتی ڕۆژ دایەوە.

مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتی حیزب، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی پەرەگراف لەبارەی مەترسی ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی لەنێوان حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتدا، دواوە و وتوویەتی: "ئەو مەترسییە هەیە، ڕەنگە زۆر بەهێز نەبێت، بەڵام ناتوانین حاشای لێبكەین. بەتایبەت ئێمە ئەزموونی ئەوەمان هەیە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دوای ئەوەی ڕێژیمی شا ڕووخا، لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش ئەوەمان بینیوە، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانە، لانیكەم ئەوانەی هێزی چەكداریان هەیە بتوانین بە هەندێك خاڵی هاوبەش بگەین."

سەبارەت بە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و نەبوونی هێزێکی چەکداری هاوبەش لە نێوان حیزبەکانی کوردستانیش دەڵێ: ئەو ٥ لایەنەی لە ناوەندی هاوكاریدان مەترسی فرەهێزییان هەست پێكردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو ناوەندەیان پێكهێناوە؛ بەڵام ئەوە بەس نییە و دەبێت لایەنەكانی دیكەش بخوێنینەوە و لەگەڵ ئەوانیش كار بكەین.

دەربارەی كاریگەریی‌و قازانجەکانی سیاسەتی نوێی ئامریكا بۆ خەباتی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات، بەڕێز هیجری دەڵێت: "ئێمە بەو ئەنجامە گەیشتووین كە ئێمەش ‌و نەتەوەكانی دیكەش شتێكمان دەست دەكەوێت، ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئامەریكاوە دەڕوخێ ‌و ئێمە دەچینەوە و دەبینە بەدیل، بەڵکوو بەو مانایەیە كە ئامریكا خەریكە ئێران لاواز دەكات لە هەموو بارێكەوە، ئەوەش خاڵێكی گرنگە بۆ ئێمە كە ئێران لاواز دەكرێت."

هیجری پێیوایە، هەرچەند ئێران لاوازببێت بۆ ئەوان‌و نەتەوەكانی دیكەو ئازادیخوازانی ئێران بەسوودە، "چونكە پێمانوایە مەیدانێكی باشترمان دەستدەكەوێت بۆ درێژەدانی خەبات‌و بەدەستهێنانی مافەكانمان لە داهاتووی ئێراندا."