کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری بە بۆنەی ئازادبوونی محەممەد سدیق کەبوودوەند پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە

22:57 - 23 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ئازادبوونی محەممەد سدیق کەبوودوەند پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ئازادبوونی بەڕێز محەممەد سدیق کەبوودوەندەوە


تەواوکردنی سەربەرزانەی ماوەی حوکمی ناعادڵانە و داسەپاوی ١٠ ساڵ زیندانی کردنی دامەزرێنەر و تێکۆشەری ڕێکخراوی داکۆکی له مافی مرۆڤی کوردستان کاک محەممەد سدیق کەبوودوەند لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و گەڕانەوەی بۆ نێو کۆڕی بنەماڵە و خۆشەویستانی، هەڵگری چەندین مانای گرینگن کە بۆ لێ فێربوون دەبن:

١ـ لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، بێجگە لەوەی کاک محەممەد سدیق لە زیندانە بەدناوەکانی ڕێژیمدا بوو کە ئەوە بۆ خۆی ئەشکەنجەیەکی بەردەوامە، بە شێوەی جۆراوجۆری دیکەش کە ڕێژیم تێیاندا پسپۆڕی هەیە لەژێر ئەشکەنجەی ڕووحی دا بوو، بۆ ئەوەی لە بیروباوەڕی خۆی کە لەسەری زیندانی کرا بوو پاشگەز بێتەوە و پەشیمانی خۆی دەرببڕێ و لە بەرانبەر ڕێژیمدا بەچۆک دابێ. بەڵام کاک محەممەد سدیق کەبودوەند نەک هەر سوور بوو لە سەر بیروباوەڕی خۆی، بەڵکوو زیندانیشی کردبوو بە سەنگەرێکی خەباتی مەدەنی بە دژی ڕێژیمی ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامی.

٢ـ خۆڕاگریی محەممەد سدیق بۆ جارێکی دیکەش ئەو پەیامەی بە کۆماری ئیسلامی دا کە ناتوانێ بە زیندان و ئێعدام کردن، کێشەی نەتەوە مافخوراوەکانی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد چارەسەر بکا و خەڵک چاوترسێن بکا بۆ ئەوەی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان خەبات نەکەن.

ئێمە ڕێز دەگرین لە خۆڕاگریی تێکۆشەر محەممەد سدیق کەبوودوەند، خەباتکاری بواری مافی کورد کە بە سەربەرزییەوە ماوەی زیندانییەکەی تێپەڕ کرد و، لە زیندانیشدا دەنگی بەرزی مافخوازی گەلەکەمان بوو.

بەم بۆنەوە پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێزیان، ئەندامانی بنەماڵەکەی و هەموو زیندانیانی سیاسی بە گشتی هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای خەباتی نەتەوەکەمان دەکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری

٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی
١٣ی مای ٢٠١٧ی زایینی