کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری بە بۆنەی دەسپێکی فەرمیی چالاکییەکانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە وڵاتی تورکیە پیرۆزبایی لە مەسعوود تەک کرد

21:34 - 12 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نامەیەکدا بە بۆنەی دەسپێکی فەرمیی چالاکییەکانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە وڵاتی تورکیە، پیرۆزبایی لێ کردن و پشتیوانیی لەو هەنگاوەیان دەربڕی.

بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ رێزدار مەسعوود تەک، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیە نارد و هەنگاوی نوێیان کە بە فەرمی لە وڵاتی تورکیە دەستیان بە چالاکی کردووە و لە ژێر ناوی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، بە شێوەی فەرمی لەو سیستمەدا دەرەتانی چالاکییان پێ دەدرێ، بەهەنگاوێکی بەرپرسیارانە و گرینگ ناو بردووە.

دەقی نامەکە بەم شێوەیە:

بەڕێز مەسعوود تەک، هاوڕێ و دۆستی خۆشەویست

بەڕێزان بەڕێوەبەران و ئەندامانی حیزبی دۆست و هاوڕێمان پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیە،


بەداخەوە کە نەمانتوانی لەبەر کار و گرفتەکان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕەسمی و دەسپێکی فەرمی و ئاشکرای حیزبە تێکۆشەرەکەتان لە تورکیەدا بەشدار بین و ئەو شانازییەمان پێ بدرێ کە لە یەکەم هەنگاوەکانی حیزبی دۆست و هاوڕێی مێژوویی‌ماندا کە بە شێوەی رەسمی لە وڵاتی تورکیە دەست بە تێکۆشانی ئاشکرا دەکات، لەگەڵتان بین، ئەویش هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تەنیا ڕۆژێک پێش پێکهاتنی گونگرە بانگهێشت نامەکەمان پێگەیشت.

بەو بۆنەوە پیرۆزبایی ئەو هەنگاوە نوێیەتان لێ دەکەین و وەک هەمیشە و وەک ڕابردووی دوورو درێژی هاوکاری و هاوپێوەندیمان، پێداگری لە سەر دۆستایەتی لەگەڵ ئێوەی تێکۆشەر دەکەینەوە.

لەم کاتە ناسک و هەستیارەدا کە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکاندا بە شێوازی جۆربەجۆرەوە دەچێتە پێش و لە تورکیەشدا بارودۆخێکی زۆر هەستیار و مێژوویی پێش هاتووە، دڵنیاین کە ئێوە بە سیاسەتی دروست و نەتەوەییتان کە بەردەوام لەپێشتان گرتووە، دەتوانن دەور و کاریگەرییەکی بەرچاوتان هەبێ. بەتایبەت کە ئێستا بەشێوەی ئاشکرا و ڕەسمی دوای ساڵانێکی زۆر تێکۆشانی نهێنی و قەدەغەکراو، لە نێو وڵاتێکی گرنگی وەکوو تورکیە، لە ناو بەشێکی گرنگی کوردستان وەکوو کوردستانی باکوور چالاکی دەکەن، هەم دەرەتان و ڕێگاکانتان بۆ ئاوەڵاتر دەبێ و هەم ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانتان زۆرتر دەبێ.

لە هەموو ئەو ڕێگایەدا ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوڕێ و دۆست و هاوپەیمانی هەمیشەیی خۆتان بزانن و تا سەرکەوتنی یەکجاریی نەتەوەکەمان و دواتریش لەپێناو بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگا و گەشەکردنی ئازادی و دادپەروەری‌دا، لەپەنای خۆتانمان ببینن.

بەهیوای سەرکەوتن

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری

٢٠١٦/٥/٣١
١٣٩٥/٣/١١