کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بەرهەمی شێوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران هەژاری، بێ مافی، نەبوونی ئازادی، شەڕی فیرقەیی، تیرۆر، وێرانی و نفووزی ڕێژیم بە تایبەت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دایە

15:52 - 27 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر بارودۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پاڕلمانی ئورووپا قسەی کرد.

دەقی وتەکە:

ئیدئۆلۆژی و تێروانیینەکانی بۆ جیهان، هەڵسووکەوتی لەگەڵ گەلانی نێوخۆی وڵات و لەگەڵ تاکی جیابیر، هژموونیخوازی لە دەرەوەی وڵات لە چوارچێوەی هەناردەکردنی شۆڕشە و لەو ڕاستایەدا هەوڵدانی چەندین ساڵەی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، و زۆر بەرنامەی دیکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەسەڵاتداریدا، سەلماندوویەتی ئەوان وا بیر دەکەنەوە کە هەموو مافەکان لە لای ئەوانن، چوونکە ئەوان نوێنەری حکوومەتی خودان لە سەر زەوی و باقی خەڵک ئەرکی سەرشانیانە گوێ ڕایەڵی ئەوان بن و بەپێی ڕێنوێنی و دەستووراتی ئەوان هەڵسووکەوت بکەن.

بەرهەمی ئەو شێوە دەسەڵاتداریە هەژاری، بێ مافی، نەبوونی ئازادی، پەرەگرتنی ڕۆژبەرۆژی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خەڵک و، گەندەڵیی بێسنوور و شەڕی دەسەڵات بە مەبەستی تاڵان‌کردنی زیاتری داهاتی وڵات لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵات لە نێوخۆی وڵات و پەرەگرتنی ڕۆژبەرۆژ زیاتری شەڕی فیرقەیی، تیرۆر، برسیەتی، وێرانی و نفووزی ڕێژیم بە تایبەت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دایە. بۆیە دەڵێین بە بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی ئاشتی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ.

دابینبوونی ماف بۆ خەڵکی ئێران لە لایەن ڕێژیمێک بەو تایبەتمەندییانەی کە باسمان لێوە کرد چاوەڕوانییەکی نەگونجاوە، بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد کە لە سەرەتاوە کۆماری ئیسلامی، وەک نەیار، دژی شۆڕش، بەکرێگیراوی دوژمنانی ئێران و تەنانەت وەکوو کافر سەیری کردووین و حوکمی جیهادی بەسەردا سەپاندووین.

بۆیە بە تێڕوانینی ئێمە و ئەزموونی ٣٧ ساڵ خەباتمان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە، بە دەستهێنانی ماف و داخوازییەکان لە دوو ڕێگاوە وەدی دێ:
یەکەم : ڕووخان و نەمانی ئەو رێژیمە و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک بە بەشداری هەموو نەتەوەکانی ئێران.

دووهەم: هەموو ئازادیخوازانی ئێران بە تایبەت نەتەوە ماف پێشێلکراوەکان لە بەرهەڵستکارییەکی بەرفراواندا هێز و توانای خۆیان بخەنە سەریەک و دەسەڵاتداری ئەو ڕێژیمە لە مەترسییەکی جیددی بخەن، ئێمە دوو ئەزموونمان لە داماوی و بە چۆکداهاتنی ڕێژیم هەیە کاتێک بەرەورووی مەترسی ڕووخانی حکوومەتەکەی دەبێتەوە، ئەو دوو ئەزموونەش بریتین لە:
١ـ شەڕی ئێران وعێراق
دوای هەشت ساڵ شەڕی ئێران و عێراق بە دوای خەسارێکی گیانی و ماڵیی زۆر کاتێک مەترسی ڕووخانی ڕێژیمەکەی هاتە ئاراوە خومەینی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی پەسند کرد و بە وتەی خۆی پیاڵەی ژەهری خواردەوە.
٢ـ لە پێوەندی لەگەڵ پیتاندنی یورانیۆم (بە مەبەستی دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی)

کاتێک گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دنیا تا ئەو ئاستە کاریگەری خۆیان لە سەر ئێران نیشاندا کە وەلی فەقیهـ مەترسی ڕووخانی ڕێژیمی لێ نیشت، ئامادە بوو مل بۆ مەرجەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕابکێشێ و رێکەوتننامەی ناسراو بە برجام ئیمزا بکا.

بێجگە لەو دوو ڕێگایە ڕێگای سێهەمێک بۆ گەیشتن بە مافەکان نییە، ئەوانەش کە دڵیان بەوە خۆشە کە لە ڕێگای خەباتی مەدەنی و شکایەت بردن بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان سەبارەت بە ژێر پێ‌خستنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمەوە، کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتەکانی خۆی پاشەکشە دەکا، چاوەڕوانییەکی بێ ئاکام و بێ جێیە، بێ ئاکامە چوونکە ڕێژیم هیچ مەودایەکی بۆ ئەو شێوە خەباتە نەهێشتووەتەوە، بۆیە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ ئاستی ئەو پێشێلکارییانە بەرزتر دەبێتەوە و فەزای ئەمنییەتی توند و تیژتر دەبێ، بێ جێیە لە بەر ئەوەی لە بنەڕەتدا ڕێژیم باوەڕی بە مافی مرۆڤ بەو پێناسەی لە دنیای پێشکەتوودا ناسراوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا ناوە، نییە، تا تۆ داوای جێبەجێ کردنی لێ بکەی.

ئەو لێکدانەوەیە و داخوازی خەڵکی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات لە حیزبی دێموکرات بۆ دەست پێکردنەوەی خەباتێکی جیددیتر، ڕێبەرایەتی حیزبی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە پێویستە حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵکدا پڕ ڕەنگتر بێ، بۆ ئەوەی ئەوان لە دەڕبڕینی ناڕەزایەتییان دژی ڕێژیم و بەشدارییان لە خەبات شان بە شانی پێشمەرگە ئامادە بن و لەو ڕاستایەدا پێشمەرگە ورەبەخشی خەباتی شار بێ، بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو شار جڵەوی خەبات بە دەستەوە بگرێ و پێشمەرگە و حیزب وەک ڕێکخەر و پشتیوانی خەباتی شار دەور بگێڕن، و بەم شێوەیە خەباتی شاخ(پێشمەرگە) و شار لێک گرێ بدرێن.

لەلایەکی دیکەوە ئەو پەیامە بە دنیا بگەیەنین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو دووڕگە ئەمنە نییە کە بۆخۆی بانگەشەی بۆ دەکا بۆ ئەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیا بێن لەوێدا سەرمایەکانی خۆیان بخەنە گەڕ، هەروەها ئەو بانگەشەیەی ڕێژیم پوچەڵ بکەینەوە کە ساڵانێکی زۆرە ڕادەگەیەنن کە حیزبە ئۆپوزیسیۆنەکانی کوردی ئێران نەماون و خەڵک هیچ ڕێگایەکی نییە بێجگە لەوەی مل بۆ زەبروزەنگی ڕێژیم ڕابکێشێ و پەیڕەوی لە یاسا دواکەوتووانە و دژی گەلییەکانی بکا و، بەم شێوە تۆوی بێ هیوایی لە دڵی خەلکدا بچێنێ.

درێژەی ئەم پڕۆسەیە هێز و هیوایەکی نوێ بە ئازادیخوازان و چالاکانی سیاسی بە تایبەت چالاکانی بواری مافی نەتەوەکان دەبەخشێ و هانیان دەدا بۆ بەشداری ڕاستەوخۆتر لە خەبات و بەم چەشنە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەی خەباتی دژی ڕێژیم بەهێزتر دەبێ.

خەباتی نوێ حیزبی دێموکرات بەم مەبەستە دەستی پێکردوتەوە و لەگەڵ پشتیوانیی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی کورد بەتایبەت لاوەکان بەرەوڕوو بووتەوە و نیگەرانی و ترسی زۆری بۆ ڕێژیم پێکهێناوە، بۆیە کاربەدەستانی ڕێژیم لە سپای پاسداران و سیاسییەکانیان لە سەر ئەو مەسەلەیە لێدوانیان داوە و لە مەجلیس، لە نوێژی هەینی باسیان لە سەر کردووە و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانی دیکەیان بە بەربڵاوی لێکدانەوەیان بۆ کردووە و لە سەرجەمی ئەو دژ کردنەوەیاندا (وەک چاوەڕوان دەکرا)، دەست پێکردنەوەی ئەو خەباتەیان بەستراوە بە ئامریکا، ئیسرائیل، عەرەبستانی سعوودی و... لە قەڵەم داوە. هەرچەند بێ بنەمابوونی ئەو ئیتیهامانە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ زۆربەی خەڵک سەلمێنراوە، بەو حاڵەش هێندێک لە هاونیشتمانانی ئێرانی لەژێر شوێندانەریی ڕاگەیەنەگشتییەکانی ڕێژیم نیگەرانن لە ئاکامی ئەم خەباتە، بۆیە ئێمە لێرەدا بۆ جارێکی دیکە ڕادەگەیەنین کە دەست پێکردنەوەی ئەم خەباتە تەنیا لە سەر لێکدانەوەی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و ویستی خەڵکی کوردستان ڕووی داوە و دەتوانێ پشتیوانێک بێ بۆ خەباتی هەموو ئازادیخوازانی ئێران دژی دیکتاتوری، بۆیە چاوەڕوانیمان ئەوەیە لە ڕەوتی بەربەرەکانێ هێزی دێموکراسی و ئازادیخوازی دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بەتەنیامان نەهێڵنەوە و یارمەتیدەرمان بن، تا هەموومان بە خەباتی یەکگرتوو بتوانین مافە پێشێلکراوەکانمان بەدەست بێنینەوە، یان شوورەیی ئەو ڕێژیمە لەسەر خەڵکی ئێران لابەرین و حکوومەتێکی دێموکرات کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بکا، پێک بێنین.