کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: حیزبی دێموکرات، لە خەڵکە و بۆ خەڵکە

12:27 - 23 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات.

گەلاوێژ، خاڵی گەشانەوەی هیواکان پیرۆز و هیواتان بەرزتر بێت.

٧٤ ساڵ بەر لە ئێستا، حیزبی دێموکراتی کوردستان، نە بە ڕێکەوت، بەڵکوو لە ڕووی زەروورەتێکی سیاسی و بە پاشخانێکی مێژووییەوە لەسەر دەستی نەمر پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا. ئەو حیزبە لە دەقێکی مێژوویی ئەوتۆدا دامەزرا کە بە قۆناغی ململانێ و ڕکابەرایەتیی ئیدئۆلۆژییەکانی نازیسم، فاشیزم و سەرمایەداری دەناسرێتەوە و ئەم ململانێیەش سەروبەری ناوچەی تەنیبووەوە.

لە لایەک کایەی بەرژەوەندییەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و باڵادەستیی ڕێژیمێکی سەرەڕۆی وەک پەهلەوی و لە لایەکی دیکە، بێبەشی و مافخوراویی نەتەوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، زیاتر زەروورەتی سیاسی و مێژوویی دامەزرانی حیزبی دێموکراتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. حیزبێک کە لەسەر گەراکانی جووڵانەوەکانی پێش خۆی و لەسەر بنەما تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لەدایک بوو. هەڵبەت ناكرێت گرفت و دەرفەت و هەلومەرجی تایبەتی جووڵانەوەکانی پێشتر، بە یەک شێواز لێک بدرێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، چونكە هەر یەک لەو جووڵانەوانە  پاشخانی مێژوویی و هەلومەرجی تایبەت و ئاسۆی ڕوانین و شێوازی تێكۆشانی خۆیان هەبووە، بەڵام لەسەر یەک، هاتنەکایەی حیزبی دێموکرات، بە وەرچەرخانێک ئەژمار دەکرێت لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا.

لێرەوە بوو کە وەک زەروورەتە مێژوویییەکەی، بە گوێرەی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەک کە کەوتە سەرشانی، نوێنەرایەتیی خەباتێکی سەخت و بەربەرەکانێیەکی بەردەوامی گرتە ئەستۆ. نوێنەرایەتیی  نەتەوەیەکی بندەست، خاوەندارێتیکردنی گوتاری کوردایەتی، هەوڵدان بۆ یەکسانیی کۆمەڵایەتی، ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی و گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ نەتەوەیەکی بەشخوراو و پارچەپارچەکراو لەم بەشەی نیشتمان، هێڵە سەرەکییەکانی ئەم خەباتە بوون کە ئێستاش هەر بەردەوامە.

نەبوونی ئازادییەکان، بێ دەرەتانی، بێ مافی، هەوڵی پەراوێزخستن و دواجار تواندنەوەی مێژوو و شوناسی کوردی لە لایەن دەسەڵاتە بێبەزەیی و دژەمرۆییەکانی ناوەندەوە، بوونەتە هەوێنی خەباتێکی دوورودرێژ کە بە هەزاران هەزار شۆڕشگێڕی لە خۆیدا جێ کردووەتەوە و قۆناغ بە قۆناغ، وێڕای کەندوکۆسپ و هەوراز و نشێوی زۆر، ڕێی کردووە و تا دێت لە ئاسۆی سەرکەوتن نزیکتر دەبێتەوە.

حیزبی دێموکرات، لە خەڵکە و بۆ خەڵکە. نەتەوەخوازی و دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکەی، ڕێڕەوی سەرەکیی خەباتەکەیەتی. دێموکراسی و بەهاکانی، پڕەنسیپی نەگۆڕی بووە. پێکەوەژیانی دڵخوازانە، هاوخەباتی  و دۆستایەتیی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان و لایەنە ئازادیخوازەکان، بنەما سەرەکییەکانی خەباتەکەی بووە.

بە دامەزرانی کۆماری پڕشکۆی کوردستان، کە مۆرکێکی نەتەوەیی و سامانێکی گەورەی سیاسی و مێژووییە، حیزبی دێموکرات بە گوتار و بە کردەوە سەلماندی کە پابەند و وەفاداری ویست و بەها نەتەوەییەکانە. خودی دەسکەوتەکانی کۆمار، گەڕانەوە بۆ زمانی دایک و پەروەردەی نیشتمانی و کولتووری نەتەوەیی، دەستنیشانکردنی ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و پێکهێنانی هێزی پیشمەرگە، ئەو ناونیشانەن کە وەک شادەمارەکانی کیانێکی نەتەوەیی دێنە ئەژمار، هەر بۆیە حیزبی دێموکرات و مێژووەکەی شانازیی پێوە دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی کە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، دەسپێکی قۆناغی هۆشیاریی نەتەوەیی و گەشەسەندنی بیری ڕزگاریخوازی و پەرەسەندنی ڕاپەڕین و جووڵانەوە نیشتمانییەکان بوو، بەڵام هاتنەکایەی حیزبی دێموکرات قۆناغێکی نوێی بەدوادا هات.

بە دامەزراوەیی‌کردنی کۆماری کوردستان، دانانی بەرنامەی سەردەمیانە، سیاسەتی ئاشتەوایی، ڕەچاوکردنی بەها مرۆییەکان و پاراستنی مافی کەمە نەتەوەیی و زمانی و ئایینییەکان، دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکە، گرنگیدان بە توێژی لاوان و ژنان، بەهادان بە بواری پەروەردە و ڕاگەیاندن و چاپەمەنی و کۆمەڵیک بابەتی دیکە، کە لە یادەوەریی مێژووی زێڕینی کۆماردا بە زیندوویی ماونەتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتییەکەی هەوڵی دروستکردنی ڕووداویان داوە. کۆی ئەم ڕووداوانەش جیاوازبوون لە شێوازەکانی ڕابردووی خەبات. جیاوازییەکی پشتبەستوو بە ڕەگەزی نوێخوازی و بەڕۆژکردنی پرۆسەی خەبات، لە هەمان کاتدا، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی گەش بوو بە ڕووی ئایندەدا.

پەروەردەکردنی جەماوەری کوردستان بە هەست و بیری نەتەوەیی و ئاراستەکردنی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس، جەوهەری خەباتی حیزبی دێموکراتە. ئەم جەوهەرەش لە گوتاری کوردبوون و شوناسخوازیدا خۆی وێنا کردووە. پێمانوایە ئەم گوتارەش، بەرنامە و هێڵە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتی لەسەر بنیات نراوە. سەنگ و پێوانەکانی نرخاندنی ئەم ڕاستییەش لە دوتوێی مێژوو و قۆناغەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا دیار دەکەوێت. پرسی نەتەوە لە چەمک و ناوەرۆکدا، پرسی هەمیشەیی حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کوردە لە خۆرهەڵات. لە  ئاستێکی گشتیتریشدا، پرسی چارەسەرنەکراوی هەموو نەتەوە بندەست و مافخوازەکانی جوغرافیای ئێرانە. جەخت کردنە سەر مافی نەتەوەیی، مانای هەرە نزیکی ئەم گوتارە وێنا دەکات کە پێمان دەڵێت، کوردستان بە شێوەی سیستماتیک بە کۆلۆنی کراوە و هەوڵدان بۆ ڕزگاری و تێپەڕبوون بەرەو قۆناغی ئازادی، ئاسۆی ڕوانینمان بەرفراوانتر دەکات.

دەستەبەرکردن و دواجار مسۆگەربوونی مافی نەتەوەیی، بە هەموو پێوەرە سیاسی، ئیداری، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، ڕوانگەی گشتیی حیزبی دێموکراتە و ئەمەش تەنیا لەسەر ئیرادە و ویست و داخوازیی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵات ڕایی دەکرێت.

ئەوەی جەختی لەسەر دەکەینەوە، ناوەرۆکی ئەم مافەیە و قەوارە و فۆرمەکەی گرێ دراوە بە هەلومەرج و فاکتی نێوخۆیی و دەرەکییەوە و پێمان وایە کە لە هەلومەرجی هەنووکەییدا، سیستمێکی دێموکراتیک و فیدڕاڵ بۆ نهادینەکردنی ئازادی و بەختەوەری و دێموکراسی و مافی نەتەوەیی پێکهاتەکانی پێکهێنەری ئەم جوغرافیایە پێویستە، ئەمەش بەندە بە یاسایەکی دێموکراتیک و ئەمڕۆیی کە هاوكێشەی ناوەندە – پەراوێز هەڵبگرێت و کەرامەت بۆ نەتەوەکان بگەڕێنێتەوە و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان دەستەبەر بکات.

حیزبی دێموکرات و کردەوەی شۆڕشگێڕی

لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە تا ئێستا، لەو ساتانەی تێکۆشەرانی ئەو حیزبە لەنێو زیندان و تاریکخانەکان، لەژێر پەتی سێدارە و ڕەشەکوژی، لە دەربەدەری و ئاوارەییدا بوون تا ڕاپەڕین، لە ساتەکانی ڕاپەڕینی پڕشنگداری ٤٦-٤٧؛ لە قۆناغەکانی خەباتی شاخ و بەرگریی شار؛ لە ساتەکانی سەر شەقامەکان و مانگرتن و بەرەنگارییەکان، ئەوەی بە میرات بۆ حیزبی ئێمە و نەتەوەکەمان بەجێماوە، کردەوەی شۆڕشگێڕی، بەرگری، لەخۆبردوویی و گیانفیدایی کادر و پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگر لە شار و شاخ و هەندەران بووە. ئەمەش ئەو تایبەتمەندییە بەرزانەیە کە حیزبی ئێمەی کردووە بە هێمای حیزبی نەتەوەیی و جەماوەریی چین و توێژەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، حیزبێک کە بەرامبەر بە دوو ڕێژیمی خوێنمژ و دژە مرۆڤ وەستاوەتەوە.

بە درێژایی ژیانی سیاسی و قۆناغە سەختەکانی، حیزبەکەمان بۆ ساتێکیش بووە لە چالاکی و خەبات سڵی نەکردووە، دێڕ بە دێڕی مێژووەکەی لە وەرزە زێڕینەکانی خەباتدا تۆمار کراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  هەنگاوەکانی پتەوتر کردووە. لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، وەک قۆناغێکی نوێی خەبات، بەرەو ئەزموونێکی نوێ و ڕوانگەیەکی نوێ هەنگاوەکانمان پتەو کرد.

ڕاسانەوەی ئەم جارە، لە دەقی گٶڕانکارییەکانی ناوچە و ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستاندا بیچمی گرت. ڕۆژهەڵاتی نوێ، ئاماژە و خوێندنەوەیەکی دیکە بوو بۆ دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵات؛ هەر بۆیە ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات بە دروشمی گرێدانی خەباتی شار و شاخ هاتە کایەوە. ڕوانگەیەکی هەمە لایەنە و فرەڕەهەند کە تیایدا جەخت دەکرێتە سەر دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خەبات بە سەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا. لەگەڵ ئەمەشدا پێمانوایە کە گوتارێکی نوێ و ئەمڕۆیی دەتوانێت میکانیزمی ئەم لێکگرێدانە بێت. ئەویش گوتارێکی نەتەوەیی هەمەگیرە کە جیاوازییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکان لێک گرێ بدات؛ مانا بە ڕەفتار و کردارمان بدات، هاوچارەنووسی وەربگێڕێتە سەر هاوخەباتی و ڕۆژهەڵات ببێت بە هیزێکی تۆکمە، یەکگرتوو و شوێندانەر.

لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا، هەوڵمان ئەوەیە کە خەباتێکی فرەڕەهەند و هەمەلایەنە بەڕێوە ببەین. بۆشایی جێ نەهێڵین و هەموو  دەرفەت و تواناکان بخەینە گەڕ و هەوڵی بەهێزترکردنی ڕۆژهەڵات بدەین کە دواجار ئەوە هێزە کە یەکلاکەرەوەیە.

باوەڕی قووڵمان بە تەبایی، بوونی گوتاری هاوبەش و زمانی هاوبەش هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وایە کە  ئەو دیوی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، ڕوانگەیەکی کراوە و دێموکراتیکە، هەر بەم دیدەشەوە دەڕوانینە داهاتووی ڕۆژهەڵات و دۆخی ئێستای خەبات. پێمان وایە کە دەبێ فەزایەک لەسەر بنچینەی متمانە و باوەڕبوون بە هێزی خۆ پێکبهێنین کە لەودا، ئەو هێز و لایەنانەی کە باوەڕیان بە مافی نەتەوەیی و ئازادی و پڕەنسیپەکانی دێموکراسی هەیە، پرۆسەیەک لە خەباتی هاوبەش بنیات بنێن؛ چ لە پێوەندی لەگەڵ ناوماڵی کورد و چ  لە ئاستی ئێراندا.

لێرەوە و لەم بۆنە پیرۆزەدا، سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ڕێبەرمان. سڵاو دەنێرم بۆ بنەماڵەی ڕووسووری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و قارەمانانی خۆڕاگریی نێو چاڵە ڕەشەکان. سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگەی کوردستان لە شار و لە شاخ. سڵاو لە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان.