کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: لاوانی بەهەستی خۆرهەڵات لەبەر داین لەو ساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێ‏دا پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە

05:24 - 29 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، پەیامێکی روو بە خەڵکی کوردستان و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

هاونیشتمانانی تێکۆشەر !

ئامادەبووانی بەڕێزی ڕێوڕەسمی ئەمساڵی نەورۆزمان !


لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزباییەکی گەرم، بە گەرمیی ئاگری نەورۆز پێشکەش بە هەموو ئێوە، بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە چنگ زۆرداری و ملهوری، زیندانیانی سیاسیی سەربەرز کە سەریان لە بەرانبەر ستەم و ئازارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‏دا نەوی نەکردووە، کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و ئێوە بەڕێزان، ئامادەبووانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵمان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم.

خوشک و برایانی ئازیز !

بە کۆتایی هاتنی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ساڵێکی دیکە لە تەمەنی پڕ لە تاقیکاریی ڕێژیم تێپەڕ بوو، هەر وەک زۆر زووتر پێشبینیمان کردبوو، لەو ساڵەدا دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی، دوای زیاتر لە یەک دەیە پێداگری لەسەر پیتاندنی یورانیوم لە ڕاستای بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەفڕەکانیان کە دەست پێڕاگەیشتنیان بە چەکی ناوکی بوو و بەفیڕۆدانی سەدان میلیارد دۆلار لە داهاتی ئەو وڵاتە و بە بەهای بێ نان و بێکار کردنی خەڵک، سەرئەنجام لە ڕووی ناچاری، ملیان بۆ مەرجەکانی خۆرئاوا ڕاکێشا و ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئیمزا کردن کە ئاکامەکەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بەرنامانە بوو کە لەو ماوەیەدا بۆ ئەو مەبەستە بنیادیان نابوو. ئەوەش بە مەبەستی ڕزگارکردنی ڕێژیم لە ژێر قورسایی ئەو گەمارۆ ئابوورییانە بوو کە خۆرئاوا خستبوویە سەر ئێران و بنچینەی ئابووری وڵاتی هەڵتەکاندبوو.

لە هەمان‏کاتدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی هێندێک لە وڵاتانی خۆرئاوایی، چاوەدێرانی سیاسی و هێندێک لە دەست‏وپێوەندەکانی ڕێژیم، دەسکەوتی هەڵگیرانی گەمارۆکان، دەستی ڕێژیم پڕ دەکا بۆ یارمەتیدانی زیاتر بە گرووپ و هاوپەیمانە تیرۆریستەکانی بە مەبەستی پەرەدانی زیاتری شەڕ، ئاژاوە و ماڵوێرانی لە هەموو شوێنێک بە تایبەت، لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام بەشی خەڵکی ئێران هەژاری، بێکاری و بێ هیوایی دەبێ.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕامانگەیاندوو بوو کە کرانەوەی ڕێژیم بە ڕووی دنیای دەرەوەدا، هاوکات دەبێ لەگەڵ توندوتیژی و بەستراوە بوونی زیاتری فەزای سیاسیی ئێران، بۆ هەموو ئازادیخوازانی وڵات بە تایبەت بۆ تێکۆشەرانی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران.

ئێستاش بۆخۆتان شاهێدی ڕاستییەکانی دوای برجامن لە نێوخۆی وڵات لە پێوەندی لەگەڵ دەسکەوتی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە درێژەدانی یارمەتییەکانیان بۆ کوشتار و ماڵوێرانیی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی وڵاتانی سووریە، ئێراق، لوبنان، یەمەن و ... .

ڕووداوێکی دیکەی جێگای سەرنج، وەڕێ‏خستنی دوو شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و شارەزایانی ڕێبەری لە سەرەتای ڕەشەمەی ١٣٩٤دا بوو، کە ڕێژیم بۆ جارێکی دیکەش دوای هەرا و بەزمێکی زۆر و پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو بۆ چەواشەکردنی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوە، ژمارەیەکی دیکە لە مۆرەکانی خۆی لەو دوو شوێنە دانان، مەجلیسی شوورای ئیسلامییەک کە بوونێکی ڕواڵەتی و بێ دەسەڵاتە و تەنانەت بە وتەی دەسەڵاتدارانی خودی ڕێژیمیش، هیچ شوێندانەرییەکی لەسەر داڕشتن و چاوەدێریی سیاسەت لەسەر وڵات نیە، مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەرییش وەک هەمیشە ملکەچ و چاو لەدەمی وەلی فەقیهن و هیچ دەسەڵاتێکیان بە سەریدا نیە.

ئەو تاقیکارییانە لەسەر قەول و بەڵێنیەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، پڕوپاگەندای بەربڵاو و ڕێکخراو لە لایەن هێندێک لە مۆرە ئاشکرا و نهێنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ سەرلێ‏شێواندنی خەڵک و وێناکردنی ڕواڵەتێکی ڕزگاریدەرانە لە تاوانبارترین کەسایەتییەکانی ئەم سیستمە دواکەوتوویە وەک ڕەفسەنجانی، پێمان دەڵێ کە هیوابەستن بە دابینبوونی سەرەتاییترین مافەکانی ئازادی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا بێجگە لە دەرفەت پێدانی زیاتر بە مۆرە درشتەکانی ڕێژیم بۆ درێژە پێدان بە دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیانە و جینایەتکارانەیان، هیچی دیکە نیە.

تاقیکارییەکانی نزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، هەمووی بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن کە بە بوونی ئەم ڕێژیمە ئاوات و خەونەکانی خەڵکی ئێران بە تایبەت نەتەوەی کورد نایەتە دی، مەگەر ئەو کاتەی خەڵک یەکگرتوو بێ و یەکگرتووییەکەی بکا بە هێزێکی شوێندانەر بۆ ستاندنی مافەکانی.

پەیامی ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەوەیە کە؛ دەنگ و توانامان لە شاخ و شاردا ڕێکبخەین بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەوی چارەنووسساز کە ژیانێکی نوێمان بۆ بنووسێتەوە، ژیانێکی دوور لە ملکەچی و بێ‏مافی.

حیزبی دێموکرات ئەو تواناییە لە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا دەبینێ و لە زۆرێک لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوودا شاهێدی نیشاندانی ئەو توانایانە بووە، بۆیە پێمان وایە کە هەموومان پێکەوە دەتوانین نەورۆز و ساڵی نوێی ١٣٩٥ی هەتاوی بکەینە ساڵێکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو و بە پەیام و پەیمانێکی هیوابەخش، بۆ ژیانەوەی سەربەرزانە.

لاوانی بەهەست و سەرکوتکراوی خۆرهەڵات !

ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەو پەیامەتان ئاراستە دەکەین و لەبەر داین لەو ساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێ‏دا پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە و بەجێ‏هێشتنی هەرچی سەرشۆڕیی و دواکەوتووییە.

ژنان و کچانی وشیار و مافخوازی وڵاتەکەمان، وەک هەمیشە، لە قوتابخانە، لە شوێنی کار و لە هەر جێگایەک کە هەن، دەتوانن بە پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵی ئاشکرا و نهێنی، ڕیزەکانیان ڕێکخەن و بە کۆمەڵ بەگژ بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا بچنەوە و، هاواری مافخوازیی خۆیان بە گوێی دنیا بگەیەنن.

ڕووناکبیران، کرێکاران، بازاڕییان و بە گشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا پێویستە یەکگرتووانە لە دژی زەوتکردنی مافەکانیان وەدەنگ بێن و تەواوکەری خەباتی ئازادیخوازی یەکتر و خەباتی شاخ بن.

دڵنیاتان دەکەینەوە توندوتیژی ڕێژیم دژ بە ئازادیخوازان نەک نیشانەی هێز و توانا، بەڵکوو نیشانەی ئەوپەڕی ترسنۆکی و نیگەرانی لە خەڵکە، بۆیە خەباتی یەکگرتووانەی ئێوە هێندەی دیکە ورەی ڕێژیم دادەبەزێنێ و داماوی دەکا. بۆ ڕزگاری بێجگە لەوە ڕێگایەکی دیکەمان نیە و ئەزموونی خەباتی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەر ئەو ڕێگایەمان پێ نیشان دەدا.

بە هیوای دەسپێکی ساڵێکی نوێ بە خەباتێکی نوێ و دەسکەوتی نوێ
ئاگری نەورۆزتان دوژمن سووتێن و خەباتتان بەهێز و جێژنتان پێرۆز بێ