کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری لەلایەن چەندین ئەندامی کۆنگرەی ئامریکا پێشوازی لێکرا

21:40 - 13 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ چەندین ئەندامی کۆنگرەی ئامریکا چاوپێکەوتنی کرد و دوای لە گەلی ئامریکا کرد، گەلی کورد لە رۆژهەڵات لە خەبات دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەنیا نەهێڵن و یارمەتیدەری بن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی چالاکییەکانی لە وڵاتی ئامریکا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەردانی کۆنگرەی ئەو وڵاتەی کرد و لەلایەن چەندین ئەندام کۆنگرەوە بە شێوەیەکی گەرم و کەم وێنە پێشوازی لێکرا.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چەندین چاوپێکەوتنی جیاواز لەگەڵ چەندین ئەندام کۆنگرەی ئامریکا، داوای لە گەلی ئامریکا کرد، گەلی کورد لە رۆژهەڵات لە خەبات دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەنیا نەهێڵن و یارمەتیدەری بن.

سکرتێری گشتیی حیزب لە یەکەمین چاوپێکەوتنیدا لە کۆنگرەی ئامریکا، لەگەڵ ئەندام کۆنگرە ستیڤ کینگ‌ کۆبووە و لەلایەن ئەو ئەندام کۆنگرێسەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

هەروەها هیجری لەگەڵ برەد شێرمەن، دەینا رۆراباکیر و دەفتەری کۆنگرە تام مارینۆ چاوپێکەوتنی کرد.

لەو چاوپێکەوتنەدا هیجری ئامانجی سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ نوێنەرانی گەلی ئامریکا روون کردەوە و لەسەر بارودۆخی ناوچەکە لەگەڵیان ئاڵوگۆڕی بیروڕای کرد.
سکرتێری گشتیی حیزب باسی لەوە کرد، ئەوەیکە بووەتە هۆی ئەوە، سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە نیسبەت عێراق نەتوانن زۆر سەرکەوتوو بن دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکەیە و ئاشکرایە، رێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر کێشە ناوکییەکەوە، دەستی ئێران بۆ درێژەدان بە رۆڵە تێکدەرانەی زیاتر ئاوەڵا دەکات.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، هەروەها رەخنەی لە تێگەیشتنی رۆژئاوا بە نیسبەت لە ئێران گرت و وتی، ئەو ئەزموونە و ناسینەی کە ئێمە لە ئێران هەمانە ئەوەمان پی دەڵێت کە ئێران ناتوانێت هەڵسوکەوتی بگۆڕێت و تەنیا رێگا بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچە، گۆڕانی رێژیم لە ئێرانە.

هیجری ئاماژەی بەو هەلەی کە داعش بۆ دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکەدا پێکی هێناوە وتی، ئەگەر قووڵتر چاو لە کێشە و باری جوغرافی تێکهەڵچوونەکان بکەین، تێدەگەین کە داعش لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێران هیچ دژایەتیێکی بنەڕەتی نیە.
ناوبراو هەروەها وتی، داعش بەو کارانەی کە دەیکات نەتەنیا خۆی خەریکە باری دیمۆگرافی عێراق لە دژی سوونە و لە بەرژەوەندی شیعەکان دەگۆڕێت، بەڵکوو هاوکاتیش لەگەڵ حەشدی شەعبی لەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێن.

لە درێژەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد، کوردەکان لە ئێران بەشێکی بەرچاو لە حەشیمەتی ئێران پێک دێنێن کە هاوڕێ لەگەڵ نەتەوەکانی‌تری ئێراندا بە تووندی لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران ناڕازین و لەهەر هەلێک کەڵک وەردەگرن تا دەنگی خۆیان بە دژی ئێستێبداد هەڵ بڕن.

هیجری لە درێژەی وتەکانیدا، ئاماژەی بە داواکاریی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران کرد و وتی، سیستەمێکی فێدڕاڵ لە ئێراندا دەتوانێت هەم لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی ئێران بێت و هاوکاتیش دەتوانێت وەدیهێنەری ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بێت، لەبەر ئەوەی ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا، هاتن و دیداری مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ وڵاتی ئامریکا بەرز نرخاند و باسیان لەوە کرد کە ئەمە هەلێکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێیان لە خواست و داواکاری گەلانی ئێران بێت.

کۆنگرێسمەن ستیڤ کینگ وێڕای ئەوەیکە گەلی کوردی لە ناوچەکە بە دۆستێکی جێگەی متمانەی ئامریکا ناساند وتی، کورد ئێستا پێویستی بە یارمەتی راستەوخۆی ئێمە هەیە و ئێمە پێمان وایە کە پێویستە کوردەکان یارمەتی بدرێن، بۆ ئەوەیکە لە ماڵی خۆیان لە دژی داعش پارێزگاری بکەن.
هەروەها ئەندام کۆنگرە کینگ ئاواتی خواست کە گەلی کورد لە ئێراندا بتوانن ئەو هەلەیان بۆ بڕەخسێت کە بۆ دێموکراسی تێ‌بکۆشن و بتوانن ئاواتەکانیان بەدی بێنن.

لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنانەدا، ئەندام کۆنگرە برەد شێرمان کە خۆی لە دێموکراتەکانی ئەمریکایە، ناڕەزایەتی خۆی لەو رێکەوتنەکەی گرووپی ٥+١ لەگەڵ ئێران دەربڕی و وتی، ئەگەرچی لە کورت‌خایەن، ئاوەها رێککەوتنێک دەتوانێت هەندێک سوودی هەبێت، بەڵام لە درێژخایەندا، هەمووی هەر زیان دەبێت.
شێرمان هەروەها وتی، ئەگەر ئەو رێککەوتنێک ئەنجام بدرێت، ئەوە بۆ ماوەییەک دوای رێککەوتنەکە ئەمریکا تێ‌دەگات کە ئێران هەڵسوکەوتی خۆی ناگۆڕێت و دیسانەوە هەموو دنیا لەوێش هەر هیوای بە کوردەکان و نەتەوەکانی‌تر دەبێت کە کارێک بکەن.

ئەندام کۆنگرە دەینا رۆراباکێرجەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەو زۆر خۆشحاڵە کە گەلی کورد بۆ ئازادی خۆی تێ دەکۆشێت و وێڕای ئەوەیکە رەخنەی لە کەم‌بوونی یارمەتی بۆ گەلی کورد کرد وتی، من وەکوو ئەمریکاییەک دەڵێم کە ئامریکاییەکان دەبێت پالپشتی هەرکەسێک بن، کە لە دژی ئێستێبداددا شەڕ دەکات. ناوبراو وتی، خۆی هەموو کاتێک لە پشتی ئازادیخوازەکان بووە و ئەمجارەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتەنیا ناهێڵێت و پشتی دەگرێت.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ئەو چاوپێکەوتنانەی زۆر سەرکوتوانە وەسف کرد.