کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: پێشبینییەکەمان وەدیهات و لاوازبوونی ئێران دەرکەوت

15:33 - 28 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیمانەکەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆلو باسی لەرێککەوتنەکەی نێوان رێژیمی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی کردووە و ئاماژەی بە ملدانی رێژیمی ئێران بەو رێککەوتنە کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات لەو دیمانەیەدا باسی لەسەردانە دیپلۆماسییەکەی بۆ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا کردووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو ئەو وڵاتانە پشتیوانی خۆیان لە دۆزی کورد دووپات کردووەتەوە و هاوکاتیش پرژاوەتە سەر رێککەوتنە ناوکییەکەی رێژیمی ئێران.

سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە رێککەوتنەکان وتوویەتی: من پێشتر ئاماژەم بەوە دابوو کە كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەر ئەوەی لەباری ئابوورییەوە تووشی گیر و گرفتێكی یەكجار زۆر گەورە بووەتەوە، ناچارە هەموو مەرجەكانی رۆژئاوا قبووڵ بكات و بینیمان کە خاڵی لاوازی ئەو رێژیمە دەرکەوت.

ئەو دەڵێ: رێژیمی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت گەمارۆكان لەسەر خۆی لابەرێت ملی بەو دانوستانە دا و لەو ماوەیەشدا كە زیاتر لەساڵێكی خایاند و چەندین جار درێژكرایەوە ئێران هەوڵی دا دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام لە كۆتاییدا مەرجەكانی رۆژئاوای قبووڵ كرد و تەسلیم بوو.

دروست کردنی گیر و گرفت بۆ خەڵک، بێكاری و بێ بەرنامەیی و راوەستانی هەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەناو ئێراندا ئەو خاڵانەن کە مستەفا هیجری باسی لێوە کردوون و لەو باوەڕەدابووە کە هەموو ئەوانە لەئەنجامی ئەو بەرزە فڕییانەی ئێران بوون.

ئەو سیاستمەدارە لەدرێژی لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئاندۆلو باسی لەدوو فاکتەری سەرەکیی کردووە کە ئێرانی ناچار کرد مل بۆ رێککەوتنەکە بدات. بە باوەری هیجری: كۆماری ئیسلامی ئێران دوو دوژمنی گەورەی وەهمیی بۆ خۆی دروست كردووە، یەكەمیان كۆمەڵەی هێزەكانی سوننە كە دەورووبەری ئێرانییان گرتووە، دووەمیان رۆژئاوا بەگشتی و بەتایبەت ئەمریكا.

هەر بۆیە رێژیمی ئێران ویستی بە دروست کردنی چەکی ئەتۆمیی پارێزگاریی لەخۆی بکات و دواتر پلانەکەی بە هەڵە دەرچوو و گەمارۆی زۆر توندی خرایە سەر و پاشان بە پەراوێزكەوتنی لەسیاسەتی نێودەوڵەتی و دووركەوتنەوە لەكۆمەڵگەی گشتی ناوچەكە، زیانێكی زۆر گەورە بۆ خۆی و خەڵكەكەی بەدی هێنا و لە كۆتاییدا ئێران تەسلیم بوو و بەناچاری ئەو رێككەوتنەی ئێمزا كرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێیوایە، لەبەر ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران باوەڕی بە مەسەلەی دیالۆگ و وتووێژ نییە و خۆی بە شایستە دەزانێت کە چەكی ئەتۆمیی بەدەست بێنێت، ئەوە بەڵێنیەكانی جێگای ئێعتیبار و متمانە نین و لە رابردووشدا بەڵێنییەکانی پیشێل کردووە.

هیجری لەدیمانەکەیدا باسی لەسەردانەکەی بۆ ئەمریکا کردووە و دەڵی: بەرپرسانی ئەمریکا، پێیان راگەیاندووین کە بە پێی باردۆخی هەر وڵاتێک یارمەتی کوردەکانی ئەو وڵاتە دەدەن و لە بارەیەوە بەڵێنی یارمەتیان وەرگرتووە.

هیجری باسی لەوەش کردووە، لە بەرنامەی رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات دایە کە پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەبێ و سەبارەت بە پێوەندی لەگەڵ توركیەش وتوویەتی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی خۆمان چاوەڕوانیین هێشتا بەرقەرار نەبووە.

سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی رێژیمی ئێران و ڕۆژئاوا، دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، رابردووش نیشانی داوە پاش ئەوەی رێککەوتنامەکە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە سەركوت‌ و فشار بۆ سەر خەڵكی ئێران بەرینتر ‌و زیاتر ‌و بێ‌‎بەزییانەتر دەبێ‌ ‌و لە دەرەوەی وڵاتیش رێگا دەدات كۆماری ئیسلامی ئێران بە رێژەیەكی بەرچاوتر لە پێشوو یارمەتی هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچەکە بدات و ئەوەش بەمانای درێژکیسانی ئاژاوەنانەوەکان لە ناوچە دایە.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو، خەباتی كورد لەكوردستانی ئێران خەباتێكی رەوایە بۆ مافێكی ئینسانی، نەتەوایەتی ‌و ئازادیخوازنەیە. خەباتێكە بە رابردوویەكی روون ‌و بە داهاتوویەكی گەش، بۆیە ئەو خەباتە تا دابینبوونی دێموكراسیو مافی نەتەوایەتی‌ هەر بەردوام دەبێ و تێكۆشەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەو خەباتەدا كاریگەری مێژوویی خۆیان نیشان دەدەن.

دەقی تەواوی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

مستەفا هیجری دەڵێت هێزیان بردووەتە سەر سنوور و ویستوویانە بەشێك لە پێشمەرگەکانیان بچنەوە بۆ رۆژهەڵات و لەوێ لەگەڵ خەڵكدا پەیوەندییان هەبێت و جەختیشی لەوە کردەوە بارودۆخی وڵاتی ئەوان لەگەڵ تورکیە جیاوازە. هیجری پێی وایە لە هەر وڵاتێک هەلی گونجاو هەبێ بۆ سیاسەت کردن ئەوە بەکارهێنانی چەک گونجاو نییە و لە تورکیە ئەو دەرفەتە بۆ کورد رەخساوە کە خەباتی مەدەنی بکات.

سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەکات کە لە سەردانەکەیدا بۆ ئامریکا، ئەوان پێیان راگەیاندوون کە بەپێی بارودۆخی هەر وڵاتیک یارمەتی کوردەکانی ئەو وڵاتە دەدەن. ئەو گوتی لە بەرنامەشمان دایە کە پەیوەندیمان هەبێ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و لە پەیوەندی لەگەڵ توركیەش دەڵێ ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی خۆمان چاوەڕوانیین هێشتا بەرقەرار نەبووە.

لەبارەی رێكەوتنی چەند رۆژی رابردووی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كە لە ڤییەنا لەسەر پرسی پڕۆگرامی ناوەكیی ئێران ئیمزا كرا مستەفا هیجری دەڵێت پرسی گفتوگۆكردن لەسەر مەسەلەی پیتاندانی ئۆرانیۆم لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ماوەیەكی زۆرە دەستی پێكردبوو، بۆ ئەوان ئەنجامەكەی لە سەرەتاوە دەركەوتبوو.

هیجری لەو رووەوە دەڵێت من پێشتر ئاماژەم بۆ كردبوو كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەر ئەوەی لەباری ئابوورییەوە تووشی گیر و گرفتێكی یەكجار زۆر گەورە بووەتەوە، بۆیە ناچارە هەموو مەرجەكانی رۆژئاوا قبوڵ بكات بۆ ئەوەی كە بتوانێت گەمارۆكان لەسەر خۆی لابەرێت، لەو ماوەیەشدا كە زیاتر لە ساڵێكی خایاند و چەندین جار درێژكرایەوە لەگەڵ بڕگە جۆراوجۆرەكانی ئێران هەوڵی دا دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام لە كۆتاییدا مەرجەكانی رۆژئاوای قبوڵ كرد، تەسلیم بوو بەوەی كە گەمارۆكان لەسەر خۆی لابەرێت و بتوانێت بارودۆخی ئابووری خۆی ساغ بكاتەوە، ئەو پڕۆسەیە كە ئەنجامەكەی بووە هۆی ئەوەی گەمارۆكان بەسەر خەڵكی ئێران بسەپێنرێت و خەڵكەكەی تووشی گیر و گرفتێكی زۆر ببێتەوە لە بێكاری و بێ بەرنامەیی و راوەستانی هەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەناو ئێراندا هەموو ئەوانە ئەنجامی ئەو بەرزە فڕییانەی ئێران بوون بەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بكات بۆ ئەوەی دەستی بە چەكی ئەتۆمی رابگات.

هیجری زیاتریش دەڵێت وڵاتانی رۆژئاوا بە هاوپشتی لەگەڵ بەشی زۆری وڵاتانی دنیا پێشیان بە ئێران گرت و ناچاریان كرد بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەمیش بە قەناعەت و دڵخوازی خۆی نەهاتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوەشی روویدا لە رێكەوتن لەسەر ئەوە نییە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران باوەڕی پێیەتی، بەڵكوو پێیوایە دەبێت چەكی ئەتۆمی هەبێت و لە هەر دەرفەتێكدا بۆی هەڵبكەوێت ئەو بەرنامەیە درێژە پێدەدات، واتە ئەو مەسەلەیە لەرووی قەناعەت و باوەڕوە نەبووە.

دەشڵێت دوو فاكتەری دیكەش لە پاڵ ئەوانی ترەوە هەن كە وایكردووە ئێران هەوڵی دەست پێڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆم بدات، هیجری لەو رووەوە بۆ ئانادۆڵو دەڵێت كۆماری ئیسلامیی ئێران دوو دوژمنی گەورەی و همیین بۆ خۆی دروستی كردوون، یەكەمیان كۆمەڵەی هێزەكانی سونیین كە دەوروبەری ئێرانییان گرتووە و ئێران بە دوژمنی خۆی دەزانێت، دووهەمیان خۆرئاوا بەگشتی و بەتایبەت ئامریكا كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەوباوەڕە دایە كە دەیانەوێ بیروخێنن، بۆیە كۆماری ئیسلامیی ئێران كەوتە ئەوەی بۆ پارێزگاری لەخۆی و حكوومەتەكەی چەكی ئەتۆمی بەدەستەوە بێت، ئەوەتا بینییمان لە دە پازدە ساڵی رابردوودا بە تەحەمولی هەموو گەمارۆكان و پەراوێز كەوتنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و دووركەوتنەوە لە كۆمەڵگەی گشتی ناوچەكە، زیانێكی زۆر گەورە بۆ خۆی و خەڵكەكەی بەدی هێنا، بەڵام لەكۆتاییدا ئێران تەسلیم بوو و بەناچاری ئەو رێككەوتنەی ئێمزا كرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بەگشتیش پێی وایە کە ئەو رێكەوتنە كە ئەگەر بەپێی ئەو بەڵێنانەی ئێران داویەتی و بەپێی ئەو مەرجانەی كە رۆژئاوا بۆیان داناوە ئەگەر كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆم رانەگات ئەوا بۆخۆی و سەقامگیری ناوچەكە و دونیا باشە، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران باوەڕی بەو مەسەلەیە نییە و بە پێویستی دەزانێت چەكی ئەتۆمی بەدەست بێنێ، بەڵێنەكانی جێی ئیعتیبار نییە، هەروەك لە رابردوودا بەڵێنی دا و جێبەجێی نەكرد.

هاوكات لە روویەكی دیكەوە پێی وایە ئێران لە رێگەی ئەو رێكەوتنەوە پارەی زیاتری وەدەست دێت و كاولكاری زیاتر دەقەومێنێت، ئەو دەڵێت لەلایەكی دیكەوە لاچوونی گەمارۆكان دەبنە هۆی ئەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە 100 میلیارد دۆلار كە پارەی خۆیەتی و لە بانكەكانی دنیایە ئازاد ببێت و نەوت دەفرۆشێت و لەرووی ئابوورییەوە دەستی پڕ دەبێت و دەست پڕ بوونیشی واتە یارمەتی زیاتری هاوپەیمانانی خۆی وەكو رێژیمی بەشار ئەسەد و شیعەكان لە عێراق و حیزبوڵای لوبنان و حووسییەكانی یەمەن دەدات، بەگشتی گرووپەكانی تیرۆریستی لە ناوچەكە ئێران بەهێز دەكات و ئەوەش دەكاتە شەڕ و ئاوارەیی و كوشتاری زیاتر كە ئێران ئەمە لە قازانجی خۆیدا دەبینێت، بۆیە لەمەودوا شەڕ و ئاژاوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و كوشتار و وێرانی زیاتر دەبێت و ئەوە هۆكارێكە لە دەستی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بە یارمەتیدانی ئابووری زیاتر بە هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا.

لە وەڵامی ئەوەی ئەو رەشبینییەی ئەوان لەسەر رێكەوتنەكە كە سەرۆكی ئامریكا و ئێران و چەندین وڵاتی دیكەش بە پۆزەتیڤییان زانی، مستەفا هیجری دەڵێت ئەگەر كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەزموونی زیاتر لە سی ساڵەی رابردوودا ئەزموونێكی سەركەوتووی دابا لەوەی دەیەوێ لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نزیك بێت و لەگەڵ خەڵكی نێوخۆی ئێران و دراوسێكان تەعامول بكات ئەوا ئەوان دەیانگوت ئەو رێككەوتنە بە قازانجی خەڵكی ئێران تەواو دەبێت، بەڵام ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی رابردوو لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیانە پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەیە كە پێیان دەڵێت.

مستەفا هیجری لەو رووەوە رایدەگەیەنێت پاش شەڕی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق و پەسەند کردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەستیان كرد بەكوشتاری زیندانییانی سیاسی لە نێوخۆی ئێراندا، زەبر و زەنگ بۆ سەر خەڵك زیاتر بوو، لەو كاتەشەوە دەبینین ئەگەر ئاڵوگۆڕ كرابێت بەرەو دواوە و بەستراوی و توندوتیژییە، بەتایبەت لە باری ئایدۆلۆژییەوە هەرچی پرنسیپەكانی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان پەسەندی كردووە كۆماری ئیسلامیی ئێران دژیەتی، ئەوەی ئێران باوەڕی پێیەتی دژی مافەكانی مرۆڤە، ئەو ئامادە نییە تەعامول لەگەڵ دنیای دەرەوە بكات تەنانەت ئامادە نییە ئەوانەی لە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاوكار و وەفادار بوون كەمترین بۆچوونی جیاوازیان هەبێت، ئایەتوڵا مونتەزری نموونەی ئەوانە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بێحورمەتییان پێدەكات تەنها لەبەر كەمترین جیاوازی بیروبۆچوونە، بۆیە كۆماری ئیسلامی بەرەو كرانەوە و دیموكراسی و تەعامول لەگەڵ دنیا و دراوسێیەكان هەنگاو نانێت، چونكە سیاسەت و بیروباوەڕ و دەستووریشی ئەوە بە ئێمە ناڵێت.

لە تەوەرەێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجی باسی سەردانەكەی ئەمدواییەی دەكات بۆ ئەڵمانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا و دەڵێت سەفەرەكە لە کاتی بەرەو پێشچوونی رێكەوتنەكەی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك بوو، لەگەڵ ئامریكا و ئەڵمانەكان باسی ئەوەمان كرد كۆماری ئیسلامیی ئێران پاش رێكەوتنەكە چی لێ دێت، بۆ ئێمە گرنگە دنیا لەبارەی لەژێر پێنانی مافەكانی مرۆڤ بە تایبەت مافەكانی گەلی كورد تەماشا كار نەبێت، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەڵگرتنی گەمارۆكان لەسەری، بەدڵی خۆی یارمەتیدەری هاوپەیمانانی خۆی دەبێ بۆ دووبەرەكی و شەڕی زیاتر لە ناوچەکەدا.

هیجری دەشڵێت لە نێو ئەمریكاییەكان زیاتر لە كۆماری خوازەكان و بەشێكی دیموكراتەكان لەبارەی ئەو رێككەوتنەوە زۆر بەد بینین و پێیان وایە ئیمتیازی زیاتر بە كۆماری ئیسلامی ئێران دراوە و دەبوو مەرجی زیاتر بەسەر ئێران سەپانرابا، لەلایەكی دیكەوە باوەڕیان بە ئێران نییە و پێیان وایە لە هەر دەرفەتێكدا ئەو پڕۆسەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم درێژە پێدەدا، هەندێكیان باسیان لەوەدەكرد پاش تەواوبونی حكوومەتی دێموكراتەكان كە ئۆباما سەرۆكایەتی دەكات، دەبێت ئەو رێكەوتنە نەمێنێت.

سەبارەت بە كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەلای ئامریكا و ئەڵمانییەكانەوە، مستەفا هیجری هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەوان بە روونی باسیان لەوەكرد كە پێویستە كورد لەو پارچەیە یارمەتی زیاتر بدرێت، ئەو روونی دەكاتەوە ئەوان گوتیان دەبێت لەهەموو بەشەكان یارمەتی كورد بدرێت بەڵام بەپێی شوێن و جوڵانەوە و چۆنییەتی رەفتاری رژێمەكەی دەبێ ئەو یارمەتییە بدرێت و لەوێدا كوردی ئێرانیش پێیان وابوو دەبێت زیاتر یارمەتی بدرێت.

دەشڵێت ئەوان تا ئێستا یارمەتی تایبەتییان نەداون، بەڵام داوایان كرد لە رەوشیان زیاتر ئاگادار بن و زیاتر پشتگیرییان بكەن لەرووی سیاسییەوە، گوتیشی دیارە كوردی ئێران لەرووی سیاسییەوە دەبێت زیاتر هەوڵ بدەین و زیاتر دنیا شارەزاتر بێت لەوەی بەسەر كورد دێت.

سەبارەت بە پەیوەندیی حیزبەکەیان بە وڵاتانی عەرەبییەوە مستەفا هیجری گوتی تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان ئێمە و وڵاتانی عەرەبی نییە، هەرچەندە پێمان وایە وەكو حیزبێكی سیاسی كە خەبات لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەبەین پێویستە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دنیا بەتایبەت وڵاتانی ناوچەكە پەیوەندییمان هەبێت كە لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكەن و كاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئێران و خەڵكەكەی هەیە، بەتایبەت عەرەبەكان، بەڵام ئەوان پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ نەبەستووین، ئێستاش پێمان وایە پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستت دەبێت هەبێت، لە بەرنامەماندا هەیە پەیوەندییمان هەبێت.

هەرچی دەربارەی پەیوەندییەكانییانەوەیە لەگەڵ توركیا گوتی لەگەڵ توركیە ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی خۆمان چاوەڕوانیین هێشتا بەرقەرار نەبووە، بەڵام دەستمان پێكردووە لە هەندێ كەناڵەوە چووینەتە پێشەوە و هیوادارین زیاتر بچینە پێشەوە و پەرەی پێبدەین.

سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان هێزیان بردووەتە سەر سنوورەكان لەگەڵ ئێران و دەڵێت ئێمە وەكو سیاسەتی گشتی لەسەرەتاوە پاش رووخانی رژێمی شا لە ئێران خەباتێكی چەكداری چەندین ساڵەمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەبووە لەو دەمەوە تا ئێستا خەباتی چەكداریمان وەكو بەشێك لە خەبات رەتنەكردووەتەوە و هەمیشە باسمان لەوەكردەوە خەباتی چەكداری دەبێت رێبەرایەتی حیزب بڕیاری لەسەر بدات كە قازانجە وەكو خەبات، بەپێی ئاڵوگۆڕەكانی ناوچەكە و بارودۆخی نێو كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو ستەمەی لەسەر كوردی ئێراندا كردوویەتی هەوڵمان داوە پێشمەرگەكان نزیك بكەینەوە و بیانبەینە سنوورەكان و ئەگەر گونجاو بوو بەشێوەیەک بیاننێرینەوە بۆ رۆژهەڵات بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵك لە پەیوەندیدابن، بۆیە دەستمان پێكردووە.

لەبارەی خەباتی چەكداریشەوە هیجری رەتی دەكاتەوە وازیان لێ هێنابێت، ئەو بۆ ئانادۆڵو دەڵێت چەك وەكو رزگاریدەری كورد لەخەباتەكانمدا نازایین لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا، بەڵام چەك دەتوانێت وەكو بەشێك لە خەبات بێ دەتوانێ شوێندانەری هەبێت، ئێستا ئەو رۆڵە دەبینین لە كۆماری ئیسلامی ئێران كە لە خزمەتی سیاسەتی حزب بچێتە پێشەوە.
هیجری لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە لە کاتێکدا لە تورکیە هەوڵی چەکدانان دەکرێ بۆ پەکەکە کەچی ئەوان تازە بە تازە چەک وەکوو گوشارێک بەکار دێنن گوتی: ئەمە بۆ توركیە جیاوازە و لەوێ بواری خەباتی مەدەنی هەیە و كورد بە هەڵبژاردن دەتوانن نوێنەری خۆیان ببەنە پەرلمان، هەدەپە بەشێكی زۆری شارەوانییەكانی كوردنشینی بەدەست هێنا و ژمارەیەكی زۆری كورسی لە پەرلمان وەدەست هێنا، بۆیە لە هەر جێگە یان شوێنێكی كوردستان ئیمكاناتی خەباتی مەدەنی هەبێت نابێت خەباتی چەكداری بكات، بەڵام لە بەشێك كە خەباتی مەدەنی مەجالی نییە دەكرێت سوود لە خەباتی چەكداری وەربگرین، ئەگەر وەكو توركیە بین ئەوا رەنگە بڕیارێكی ترمان دابایە.

هیجری دەربارەی ئامادەییان بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت ئێمە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیاری وتوێژمان كردووە، ئەو كاتە بوو كە دەستەی نوێنەرایەتی كورد لە كوردستان بە هاوكاری حیزبی دێموكراتی ئێران و هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی دیكە كە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستانی ئێراندا بوون، كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو كاتە دەریخست باوەڕی بە دیالۆگ نییە و دەیەوێ هێزەكانی كۆ بكاتەوە، دوای ئەوەی هێزەكانی كۆ كردەوە هێرشی كردە سەر رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام ئێمەدوای ئەوەش هەوڵمان داوە لە رێگەی دیالۆگەوە كێشەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران چارەسەر بكەین، ئەوە بوو بینیمان د.شەهید قاسملوو و شەهید كاك عەبدوڵا قادری ئازەر لەسەر داوەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەسەر مێزی گفتوگۆ شەهید كران كە چەند رۆژێك لەمەوبەر یادمان كردەوە.

دەشڵێت كێشە ئەوەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران باوەڕۆی بە مافی نەتەوەكان و مافی كورد و ئازادی و دێموكراسییەت نییە، خۆزگە باوەڕی ببایە تا بمانتوانیبا كێشەكان چارەسەر بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەر كاتێك هەست بكەین كۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ كێشەی كورد لە كوردستانی ئێراندا لەرێگەی باس و گفتوگۆوە چارەسەر بكات، ئێمە ئامادەدەبین بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی رابردوومان.

لە بارەی بوونی هەوڵی نێوەندگیریش بۆ دانیشتن هیجری گوتی لە ساڵانی رابردوو لەوبارەیەوە هەوڵ دراوە دۆستانی ئەورووپاییمان كە دۆستی ئێمە و كۆماری ئیسلامیی ئێران بوون ویستیان ئەو دانیشتانە هەبێت سەرەتا كۆماری ئیسلامیی ئێران پێیان باش بوو، دوایی كە زانییان جیدی بووین ئەوان پەشیمان بوونەوە، بەڵام لەم سەردەمە نوێیەدا داوامان نەكردووە، چونكە ئێران بۆ وتوێژ و دیالۆگ جیددی نییە.

دەربارەی هەوڵەكانی یەكگرتنی هەردوو حیزبی دێموكراتیش مستەفا هیجری گوتی ئەگەری دەستپێكردنەوەی وتوێژەكان هەیە و لەلایەن خۆمانەوە خوازیاری وتوێژین، لایەنی بەرامبەر هەرچەند رایاننەگەیاندووە وتوێژ ناكەن، بەڵام ئیدی هەر دوادەكەوێت، بۆیە هەوڵ دەدەین و قبوڵی بكەن دووبارە دابنیشینەوە لەسەر گفتوگۆكان، ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین ئۆرگانی زۆر سەرەوەتری ئێمەیە وەكو كۆنگرە بڕیاری لەسەر داوە، پێمان وایە ئێستا كاتی ئەوەیە لەم بارودۆخە كە ناوچەكە لە گۆڕاندایە و ئێران پاش رێككەوتنەكە شتی نوێ دەبێت یەكبگرینەوە بۆ ئەوەی هێزێكی یەكگرتووتر بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران بین.

ـ روونکردنەوەیەک لە پێوەندی لەگەڵ ئەم وتووێژە:
ئەم وتووێژە وەکوو دەقی تەواوی خۆی لە ئاژانسی ئانادۆڵو لە کوردستان میدیا دابەزیوە، بەڵام بە هۆی تێنەگەیشتنی زاراوەیی، لە چەند شوێنێک وشەکان لە باری مانایی خۆیەوە بە درووستی دانەبەزیوە.