کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری پەیامێکی ڕوو لە بەکرێگیراوان و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم بڵاو کردەوە

23:04 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە بەکرێگیروان و ئەندامانی کوردی سپای پاسداران کرد، کە بگەڕێنەوە باوەشی گەل و چیدیکە خزمەت بەو ڕێژیمە نەکەن.

 دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

 هەروەک ئاگادارن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی" وەک رێکخراوەیەکی تێرۆریستی ناساندووە و لەمەودوا وەک تێرۆریست لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکات. ئەم هەنگاوەی ئەمریکا وێدەچێ لە سەرەتادا تەنیا لەلایەن ئەم وڵاتەوە جێگای مەبەست بێ، بەڵام بەهۆی پێگەی ئەمریکا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئابووریی جیهاندا، پێدەچی لە دواییدا ئورووپا و وڵاتانی تری جیهانیش پەیوەست بەم بڕیارەوە بن و وەک هاوکاری کردن لەگەڵ ئەمریکا بەشە سەرەکییەکانی سوپای پاسداران بخەنە ناو لیستی تێرۆرەوە.

هۆکاری ئەوەی لەم کاتەدا رووی قسەکانم دەکەمە کوردستانییان بۆ ئەوەیە هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ تاکوو، هەموو ئەو کوردانەی بە شێوەیەک یارمەتیدەری هێزە سەرکووتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت ئەندامانی کوردی سپا بوون، لەم رێکخراوە تێرۆریستییە دوور بخەینەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بە بەرپرسیارەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرانبەر هەموو تاکەکانی کورد لە کوردستانی ئێراندا. ئێمە وەک کورد لە جیهان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک هێزێکی رزگاریخواز، ئازادیخواز و دژی تیرۆر ناسراوین، بۆیە بوونی ئەندامانی کوردی سپا، کاریگەری خراپی لە سەر سیمای نەتەوەکەمان دەبێت.

لە لایەکی ترەوە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوە کە ئەم رێژیمە وەک مەترسییەک بۆ جیهان هەژمار بکرێ و داهاتووی چ لە لای خەڵکی ئێران و چ لە لای کۆمەڵگای جیهانی تاریک بێ و بەرەو لەناوچوون بچێ، بەڵام لەناوچوونی کۆماری ئیسلامیش دەبێتە سەرەتایەکی جیددی بۆ لێپرسینەوە لەوانەی ئەندام و پارێزەرانی ئەو رێژیمە و بە تایبەت هاوکاری سپای پاسدارن بوونە.

 ئەمە بەو مانایە دێت کە سپا و لقوپۆپەکانی دەبێ وەک " ئەلقاعێدە"،  "داعش" و هەروەها رێکخراوە جۆراوجۆرە تێرۆریستییەکان، رەفتاریان لەگەڵ بکرێ یان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە و لە هیچ کوێ جێگایەکی ئەمن بۆ ئەوان بوونی نەمێنێ؛ بۆیە لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا ئەوەی چاوەڕوانی ئەندامانی سپا دەکات تەنیا زیندان، ئاوارەیی، لەناوچوون و لێپرسینەوەیە لە دادگاکانی دژەتێرۆر و کۆمەڵکۆژیدا.

لێرەوە بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکیتر رووی قسەکانمان دەکەینە هەموو ئەو کەسانەی بە تایبەت ئەندامانی کوردی سپای پاسداران لە هەر کوێیەک هەن، بگەڕێنەوە باوەشی گەل و نیشتمان و تا لەوە درەنگتر نەبووە خۆیان لە تاوانەکانی لەمەبەدوای سپای پاسداران بێبەری بکەن.

حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای بەهێزکردن، پتەوکردن و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤیی کورد و خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی دامەزراوە و لەم سۆنگەوە سیاسەت دەکات، بۆیە نایهەوێ لە سبەی رۆژدا تاکی کورد بە ناوی تێرۆریستەوە کەلەپچە بکرێت یان ڕووبەڕووی دادگاکانی دژە تێرۆر ببێتەوە، چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا.

پێویستە ئەوانەی تاکوو ئەمڕۆ بەهەر بیانوویەک و بە هەر هۆکارێک ئەندامی سپای پاسداران بوون، ئەم بانگەوازەی حیزبی دێموکرات بە جیددی وەربگرن، چونکە لە دواییدا کەس مافی ئەوەی نابێ پاکانە بۆ تێرۆریست و دەست و پەیوەندییەکانیان بکات.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی تەمەنی خۆیدا هەوڵی داوە، کۆمەڵێک کوردی سەرلێشێواو وەک جاش، پاسدار، بەسیجی و... هتد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بەرهەم بێنێت، بەڵام ئەگەر ئەو کەسانە تا دوێنێ وەک هاوکاری کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکران، لەمڕۆ بەولاوە وەک تێرۆریست دەناسرێن و وەک ئەوان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ بۆیە ئەمە وەک کۆتازەنگی خەتەر دەچێ بۆ ئەو ژمارە کوردانە.

لێرەدا جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە بێجگە لە کۆماری ئیسلامی هیچ دوژمنێکی ترمان نییە. لەم کاتەشدا و لە داهاتووشدا نامانهەوێ هیچ کوردێک وەک تێرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بۆیە داوا دەکەین و چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە ئەو کەسانە تا درەنگ نەبووە لە ئەندامەتی هەموو دامودەزگا سەرکووتکەرەکانی رێژیم بەتایبەت سپای پاسداران دوور بکەونەوە. ئەگەر تا دوێنێ بە هەر هۆیەک ئەندامی ئەم دەزگا و دامەزراوانە بوون، لەمەودوا هیچ بیانوویەک نەماوە، چونکە تاوانی ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تێرۆریست، بە هیچ بیانویەک پاساوهەڵگر نییە.

مستەفا هیجری

٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ی کوردی

١٦ی ئاڤریلی ٢٠١٩ی زایینی