کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بڕیاری داوە پێشمەرگە بنێرێتەوە نێو خۆی کوردستانی خۆرهەڵات

17:49 - 14 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی باسنیوز ڕایگەیاند کە خەباتی چەکداریمان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو وەکوو شێوەیەک لە خەبات بەکاری دێنین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان لە ڕۆژهەڵات.

مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وتووێژەدا ڕایگەیاندووە بڕیاری خەباتی چەکداریمان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەداوە و لەبەر هەرێمی كوردستان ئەوە ناكەین و ڕێژیمی ئێران ئەوەندەی بۆی بکرێ دژایەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات و ئاژاوە دەنێتەوە.

هیجری لەبارەی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری حیزبی دێموکرات دژی ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز) باسی لەوە کرد لە یەکەم ڕۆژەوە بڕیارمان دا خەباتی چەکداری ڕابگرین خەباتی چەکداریمان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو وەکوو شێوەیەک لە خەبات بەکاری دێنین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان لە ڕۆژهەڵات.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی لە لایەک و هاتنە پێشەوەی بارودۆخێکی‌تر لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکات، بەشێوەیەکی جیددی خەباتی چەکداریمان ڕاگرتووە.

مستەفا هیجری،هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هەلومەرجی هەرێمی کوردستان و ئێران، ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بڕیاری داوە پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی کوردستان، نەک بۆ شەڕ، بەڵکو بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵک و بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات، لەو کاتەشدا ئەگەر ئێران هێرش نەکاتە سەر تیمەکانی پێشمەرگه، ئێمە نامانهەوێت شەڕی چەکداریان لەگەڵ بکەین. بەپێچەوانەوە ئەگەر بیانخەنە ژێر گوشار و پەلاماریان بۆ بێن، بێگومان تیمەکانی پێشمەرگە بەرگری لە خۆیان دەکەن.

هیجری سەبارەت بە نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا باسی لەوە کرد ئێستا بەشێوەیەکی گشتی لە نێو هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات کێشە و جیاوازی بیروبۆچوون نییە لە بارەی پێوەندی لەگەڵ ئێران، بەڵكو لەبارەی مافەكانی نەتەوەی کوردەوە هاوڕاین و لە زۆر شتیشدا هاوکاری یەکترین.

هەروەها باسی لەوە کرد ئێمە وەکو بەرەیەکی یەکگرتوو نین، بەڵام هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نەماوە. ئێستەش لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هاوپەیمانیمان هەیە.

مستەفا هیجری باسی لەوەش کرد کە لەلایەکی دیکەشەوە ناکرێت هەموو بەرنامەکانمان ڕابگرین تا ئەو لایەنەی کە لە حیزبی دێموکرات جیابووەتەوە لەگەڵیان یەک بگرینەوە یان تا ئەو کاتەی بەرەیەک پێک بێت.

بەڵکو پێمان وایە کە دەبێت هەر کامێکمان بەپێی بەرنامەکانی خۆمان بچینە پێش لە دژی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ بدەین بۆ لێک نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ئەو برادەرانەی کە لەئێمە جودابوونەتەوە و لەگەڵ لایەنەکانی تریش دەبێ هەردوو تێکۆشان بەیەکەوە بچێتە پێشەوە.

سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستان لە داهاتوودا و دەستێوەردانی ئێران لەو مەسەلەیە، مستەفا هیجری باسی ئەوەی کرد ڕێژیمی ئێران دژی مافەکانی کوردە لە هەر بەشێکی کوردستان بێت، ئەوەندەی بۆی بکرێت دژایەتی دەکات و هەوڵ دەدات ئاژاوە بنێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانن ئەو ئامانجە بگاتەجێ. بۆ ئەوەش ئێمە دژی هەموو بەرنامەیەکی ئێرانین کە بەپێی ئایدۆلۆژیای خۆی دژی ئازادی و ئاشتی و سەقامگیریە بەتایبەت دژایەتی کردنی مافەکانی کورد لە باشووردا.