کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ململانێیە نێوخۆیییەکانی سەرانی ڕێژیم

12:53 - 20 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەرێکی قوم لە مەجلیسی ڕێژیمدا، هیوای خواستووە هەموو سەرکۆمارەکانی ڕێژیم لە ئاگری تۆڵەی خودادا بسووتێن.

لە درێژەی ڕەکابەرێ و ململانێیەکانی سەران و باڵەکانی نێو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، موجتەبا زولنوور، ئاواتی ئەوەی خواستووە، کە هەموو سەرکۆمارەکانی ڕێژیم لە ئاگری تۆڵەی خودادا بسووتێن.

موجتەبا زولنوور، کە یەکێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران و بەناو نوێنەری قوم لە مەجلیسی ڕێژیمە، ڕایگەیاندووە: "ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز لە ڕێژیمی ئێراندا هەمووی قسەی بەتاڵە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕۆحانی، ئەحمەدی‌نژاد و خاتەمیدا نییە" و هیوای خواستووە، کە هەموو سەرکۆمارەکانی ڕێژیم لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئێستا لە ئاگری خودادا بسووتێن.

زولنوور وتوویەتی: "ئاگری دووبەرەکی کەوتووەتە نێوان هەموو بەرپرسانی ڕێژیمەوە و ئەویش کاری خودایە".

شایانی باسە، کە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، وەلی فەقیهـ نوێنەری خودا لەسەر زەوییە و هەموو بڕیارەکانی وەکوو ئیرادەی خودا لە قەڵەم دەدرێن.

سەرکۆمارەکانی پێشووتری ڕێژیمی ئێران پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ـەوە، هەر کامە بە بیانوویەک لە لایەن وەلی فەقییەوە کەوتوونەتە بەر هێرش و لە کۆتاییدا وەلا نراون و بە ئاگری ڕقی ئەو سووتاون.

ئەو قسانەی زولنوور دەتوانێ داواکارییەکی ناڕاستەوخۆ بۆ سزادان و سڕینەوەی خاتەمی و ئەحمەدی‌نژاد و ڕۆحانی بێت، کە تەنیا سەرکۆمارەکانی پێشووتری ئێرانن، کە هەنووکە زیندوون.