کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵانی گولفرۆش گوڵەکانیان دەرخوارد دەدرێت

10:36 - 23 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە ئێرانی دیلی ڕێژیمی ئاخوندەکان، منداڵانی کار لە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکانی بەرپرسانی ئەو رێژیمەدان.

لە کورتەفیلمێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، دوو منداڵی گوڵفرۆش لە لایەن بەرپرسێکی شارەداریی کرمانەوە، ناچار بە خواردنی ئەو گوڵانەی دەکرێن، کە دەیفرۆشن.

بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمە کۆمەڵێک دژکردەوەی لێ کەوتووەتەوە، کە ڕێکخراوی بێهزیستی و وەزیری تەعاوەنی ڕێژیمی لەو ناوندە و کەسانە بوون کە لە هەمبەر بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمە دژکردەوەیان پیشان داوە.

دژکردەوەی وەزیری تەعاوەن و ڕێکخراوی بێهزیستی، بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران، لە هەمبەر بڵاوکردنەوەی کورتەفیلمەکەیە نەک لە هەمبەر کردەوە نامرۆڤانەکەی ئەم بەرپرسەی شارەداریی کرمان و بێڕێزییەکانی بەو دوو منداڵە گوڵفرۆشە.

منداڵانی کار لە ئێراندا بەو چینە منداڵانە دەڵێن، کە بە هۆی دەسکورتی و هەژاریی بنەماڵەکانیان، یان لە سەر شەقامەکان شتومەک دەفرۆشن، یان لە شوێنگەلێک وەکوو کوورەخانەکان و شوێنە نالەبارە کارییەکاندا خەرێکی کارن. تەنانەت بەشێک لەم منداڵانە بە کۆکردنەوە و گەڕان لە نێو زبڵەکاندا خواردن و پارە بۆ خۆیان دابین دەکەن، کە هێندێ جاریش دەکەونە داوی باندە مافیاکان و لە ڕێگای ئەم منداڵانەوە مادە هۆشبەرەکان جێبەجێ دەکرێن و هێندێ جاریش دەسدرێژیی جنسی دەکرێتە سەریان.

ئەم حاڵەتانە لە وڵاتێک ڕوو دەدات، کە لە بواری سەرمایە و سامانە گشتییەکان لە جیهاندا، لە پلەکانی یەکەمدایە، بەڵام بە هۆی دزی و تەرخانکردنی ئەم سەرمایە و داهاتگەلە بۆ پەرەپێدان بە تێرۆریزم، منداڵانی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە، ناچار بە کاری زۆرەملێی دەبن و تەمەن و قۆناغی منداڵییان کە قۆناغی پەروەردەبوونە بەم جۆرە بەفێڕۆ دەچێت.