کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٠٠ منداڵی پارێزگای ورمێ لە خواردەمەنیی باش کەڵک وەر ناگرن

12:32 - 21 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ٢٠٠٠ منداڵی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕیزی ئەو منداڵانەدان، کە تووشی بەدخوراکی بوونە؛ ١٧٨٣کەس لەم منداڵانە لەو ناوچانە دەژین کە لە خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان بێبەرین.

عەزیز سەهەندی، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی ئێمدادی پارێزگای ورمێ، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنادا، باسی لە هەبوونی ٢٠٠٠ منداڵی ژێر ٧ ساڵ کردووە، کە تووشی بەدخوراکی بوونە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، کە لەم ڕێژەیە، ١٧٨٣ کەسیان لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا دەژین و دۆخێکی خراپیان هەیە و لە جۆرەکانی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان بێبەشن.

پێشتریش نادر قازیپوور، نوێنەری مەجلێسی ڕێژیم، باسی لە کێشەی پەراوێزنشینی لەم پارێزگایەدا کردبوو و ئەو دیاردەیەی بە یەکێک لە کێشەکانی پارێزگای ورمێ ناو بردبوو.

ناوبراو ڕایگەیاندبوو، کە ٥٠ لەسەدی خەڵکی شاری ورمێ، بە هۆی کێشەی ئابووری پەراوێزنشینن، کە ئەمە دیاردەی منداڵانی کار و کۆڵبەری منداڵانی بەدواوە بووە.

داڕمانی ئابووریی ئێران و گەیشتنی داهاتی بنەماڵەکان بە ژێرەوەی هێڵی هەژاری لە هۆکارە سەرەکییەکانی کارکردنی منداڵان و تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانن، کە بەدخۆراکی یەکێک لە باوترینیانە و بەرۆکی زۆربەی منداڵانی هەژاری نەک تەنیا لە پارێزگای ورمێ بەڵکوو لە پارێزگاکانی دیکەشدا گرتووە.