کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موتەهەری: کێشەی کۆڵبەران چارەسەر بکەن

11:25 - 1 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە کاربەدەستانی پەلەبەرزی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مەجلیسدا باسی لەوە کردووە، دەبێ دەوڵەت هەوڵ بدات کێشەی کۆڵبەران چارەسەر بکات.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی،  "عەلی موتەهەری" جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران داوای کرد کە دەوڵەت گرینگی بە کێشەی کۆڵبەران بدات.

ئەو داوایەی ناوبراو تەنیا دروشمێکە کە لە مەجلیس داویەتی و هیچ بنەمایەکی بۆ بە کردەوەیی کردنی چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەران نییە.

دوای ئەوەی کە "شەهاب نادری" بە ناو نوێنەری شاری پاوە، لە مەجلیسی ڕێژیمدا گرتە ویدیۆیەکی لە شێوەی هەڵسوکەوتی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کۆڵبەران لەسەر سنوورەکان بڵاو کردووە، موتەهەری ئەو دروشمەی دا کە دەبێ دەوڵەت کێشەی کۆڵبەران چارەسەر بکات.

کۆڵبەری پیشەیەکی پڕ مەترسییە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆی نەبوونی کار ڕوو لەو کار تاقەت پرووکێنە دەکەن و ڕۆژانە لەسەر سنوورەکان دەدرێنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە و دەکوژرێن.

قسەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمە کۆڵبەران وەک قاچاغچی و سیخوڕی وڵاتانی بیانی وەسف دەکەن و بڕیاران داوە کە ڕاستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران بکەن.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگا کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کاری پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە هەڵنەگیراوەکان، زۆرجار گیانی کۆڵبەران دەستێنێت.